پارێزگاری هەولێر: هەولێر بیست و هەشت ساڵە لەژێرهەڕەشە نەماوەو پارێزراوە

  2024-08-23  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری هەولێر پەیامێک ئاراستەی خەڵکی هەولێر دەکات و دەڵێت، " هەولێر نەک لە ژێر هەڕەشە نییەو نابێ، هەولێر دەمێکە دەستی هەڕەشە چییەکانی بڕیوەو ئێستاو داهاتووش، هەر هەڕشە چییەک دەستی لۆ بێنێ، دەیبڕێ".

 ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێرلە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە و دەڵێت:

ئای هەولێر، کو بوویە ژانی سەر دری چەندان..
            
هەولێر شەکرەشاری ئێستا و گوندە گەورەکەی دوێنێ، بیست و هەشت ساڵە لەژێرهەڕەشە نەماوەو پارێزراوە!.

ئەو دەمانە هەولێر لەژێر هەڕەشە بوو، کە خەڵک و خاکەکەی نائارام بوون و خودانی هیچی خۆیان نەبوون.
دەمێکە من گۆتیتم، خەڵکی هەولێر دڵی وەک شیر پاکە.!

وەلێ ئەگەر کابان زۆر فشاری لێبکات وەک شیری سەر ئاگار هەڵدەستێ و ڕەنگە دەستی کابانیش بسوتێنێ، هەولێر هەر وایکرد، ئەوانەی سزایاندا، هەولێر بیست و هەشت ساڵ پێش ئێستا تۆڵەی خۆی لێکردنەوەو بە چوار بیست و چوار ساڵی تریش ناتوانن لە بیری بکەن....

هەولێر نەک لە ژێر هەڕەشە نییەو نابێ، هەولێر دەمێکە دەستی هەڕەشە چییەکانی بڕیوەو ئێستاو داهاتووش، هەر هەڕشە چییەک دەستی لۆ بێنێ، دەیبڕێ.

ڕاستی سەیرە هێشتا وادەی یاسایی هەڵمەتی هەڵبژاردن ماوە کەچی هێندێ کەسی ژان گرتووی دۆڕاوی هەڵبژاردن، دەستیان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن کردوە.

ئێمەو ئێوەو خەڵکی هەولێر، کاتمان لە پێشەو لە هەڵبژاردن و سندوقەکان، دەنگدان و ئیڕادەی خەڵکی شەرفمەندی هەولێر لە ڕۆژی هەڵبژاردن بڕیاری خۆی دەدات و ڕاستی وناڕاستی دەر دەکەوێ.

خەڵکی هەمیشە سەربەرزی هەولێر، ئێمەو ئێوەو هەمووان دەناسێ.

خەڵکی بە هەڵوێستی هەولێر، هەموومانی تاقی کردۆتەوەو لە ڕۆژی هەڵبژاردنیش پاداشتی چاکە خوازان و سزای خراپەکاران دەدات، پەلەتان نەبێ.....