ئێزگەی سوپای ئیسرائیل، لەزاری بەرپرسێكی ئەمنی بڵاویكردەوە: هەر كەسێك لە بارەگای سەرەكی حزبوڵا بوبێت لەكاتی هێرشەكەدا بەزیندویی دەرناچێت و، لەنزیكەوە بە دواداچوون دەكەن بۆ ئەو پرسە، كەناڵی13 ئیسرائیلیش ئاشكرایدەكات، بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەكان، نەسڕوڵا لەكاتی هێرشەكەدا لە بارەگاكە بووە بەڵام چارەنوسی نادیارە.
لای خۆیەوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیك لە سوپای پاسداران، كە پێشتر هەواڵی ئەوەی بڵاوكردەوە، نەسڕوڵا سەلامەتەو لەشوێنێكی ئارامە لەئێستادا دەڵێت، تائێستا زانیاری دڵنیاكەرەوە نییە لەبارەی چارەنوسی نەسڕوڵا.
ئەوە لەكاتێكدایە، بڕیاربوو حزبوڵای لوبنان دوای هێرشەكە بەیاننامەیەكی لەبارەی كردنە ئامانجی نەسروڵا بڵاوبكاتەوەو، دەنگۆی كوژرانی نەسڕوڵا رەتبكاتەوە، بەڵام تائێستا هیچ ئەو حزبە هیچ وردەكارییەكی لەبارەی چارەنوسی سەرۆكەكەی بڵاونەكردووەتەوە.
سەرچاوە ئیسرائیلییە ئاگادارەكان دەڵێن، بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەكان پرۆسەی كوشتنی نەسڕوڵا سەركەتوو بووە، بەڵام تائێستا ئیسرائیل ناتوانێت بە فەرمی پشت ڕاستی بكاتەوە.
هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، كۆتایی بەسەردانەكەی هێناوە بۆ نیویۆرك بڕیاری داوە بگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل.