کارەبای سلێمانی: قسەکانی ئاری هەرسین دوورە لە راستییەوە و بەشێکە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دژی سلێمانی

  2024-09-29  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کارەبای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا قسەکانی بەرپرسی لقی چواری پارتی رەت دەکاتەوە و دەڵێت، "بۆ رای گشتی روون دەکەینەوە کە قسەی ئەو بەڕێزە دوورە لە راستییەوە و بەشێکە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دژی سلێمانی".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی سەبارەت بە داهاتی کارەبای سلێمانی وەڵامی ئاری هەرسین، لێپرسراوی لقی ٤ی پارتی دەداتەوە  ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات: ئاری هەرسین، لێپرسراوی لقی ٤ی پارتی لە سلێمانی، وەک بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو باس لە داهاتی کارەبای سلێمانی دەکات و دەڵێت، "مەسئولێکی زۆر گەورەی یەکێتی ئەو پارەیەی کە دائیرەی کارەبا کۆی دەکاتەوە رێگرە لەوەی ببرێت بۆ بانکێکی حکومی دابنرێت، لە بری ئەوە دەنێردرێت بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتی".

لە راگەیەندراوەکەدا کارەبای سلێمانی هێمای بۆ ئەوەکردوە، "لێرەوە بۆ رای گشتی روون دەکەینەوە کە قسەی ئەو بەڕێزە دوورە لە راستییەوە و بەشێکە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دژی سلێمانی"،

رونیشی دەکاتەوە، "بۆ زانینی هەموولایەک کۆی پارەی داهاتی سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی و هەموو فەرمانگەکانی دەخرێتە سەر هەژماری تایبەت بە خۆیان لە بانکەکانی  ئاشتی و دوکان، دواتر لە (٣٠)ی هەموو مانگێک بەپێی ئیشعاری بانک دەگوازرێتەوە سەر حسابی دیاریکراوی وەزارەتی دارایی بەژمارە (٢٥٠٠٩) ، دواتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڕی (٨%)ی ئەو داهاتە بۆ پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان خەرجدەکرێتەوە".

لەکۆتایدا راگەیەندراوەکەیدا کارەبای سلێمانی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، "دووپاتی دەکەینەوە کە هیچ کەس و لایەنێک دەست لە کاروباری داهاتی کارەبای سلێمانی وەرنادات".