بەبڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێبردنی تایبەت بۆ ژمارەیەک حکومدراو لە هەرێمی کوردستان دەرکرا، بەوتەی دڵشاد شەهاب، "١٧ حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبوردنە تایبەتییەکە دەیانگرێتەوە".
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە ٣٣٦ دەرکرد کە لێبووردنێکی تایبەتە بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی لێبوردندا کە بەردەوامی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، "بەپێی ئەو فەرمانە، ١٧ حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبوردنە تایبەتییەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیانگرێتەوە".
باسی لەوەشکردوە، "ئەو فەرمانە دەرئەنجامی راسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجومەنی دادوەری، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆهەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان".
ئەوەشی خستەڕوو، "لیژنەکە لەماوەی رابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکەیان، مەترسیییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون".