بافڵ جەلال تاڵەبانی: سبەی رۆژێکی مێژوویی و گرنگە بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە پرۆسەی حوکمڕانی

  8   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی بەبۆنەی بەڕیوەچوونی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سبەی رۆژێکی مێژوویی و گرنگە بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە پرۆسەی حوکمڕانی و کۆتاییھێنان بە عەقڵییەتی خۆسەپێنی، تاکڕەوی و جیاکاری".

دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان :

خوشک و برا و هاوڕێکانم
هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، ناوخۆ، پۆلیس و ئاسایش
سبەی رۆژێکی مێژوویی و گرنگە بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە پرۆسەی حوکمڕانی و کۆتاییھێنان بە عەقڵییەتی خۆسەپێنی، تاکڕەوی و جیاکاری. سبەی رۆژێکە تاوەکو بڕیارە گرنگ و یەکلاکەرەوەکە لەبارەی چارەنووسی خۆتان و نەوەکانتان بدەن. ئەو رۆژەیە کە دەتوانن بە دەنگەکانتان کۆتایی بە غەدر و نادادیی ئەم حوکمڕانییە چەوتە بهێنن کە هەمووشتێکی بۆ گرنگە ژیان و گوزەرانی ئێوە نەبێت.

بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بیرتانبێت ئەوەی لە بەغدا شەڕی مووچە و قووتی ئێوەی دەکرد، ئەوەی سنووری بۆ تاکڕەوییەکان دانا و دژی جیاکاری و گەندەڵییەکان وەستایەوە، ئەوەی خەمی ئێوە و نەوەکانتانی دەخوارد ئێمەبووین نەک ئەوانەی تا قوڕگیان گەندەڵییە و جوامێرییەکانی ئێوە دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، کاتێکیش لێیان دەقەومێ، ئینجا ئێوەیان بیردەکەوێتەوە.

سبەی رۆژێکی گرنگە و  بڕیارە راستەکە بدەن، بە دەنگەکەت داهاتووی خۆت و منداڵەکانت دیاری دەکەیت، بڕیار دەدەیت ئەم تاکڕەوی و خۆسەپێنییە بەردەوامبێت یاخود بەجارێک رایاندەماڵن. مەهێڵن لەوەزیاتر یاری بە چارەنووستانەوە بکرێت و قووتی منداڵەکانتان لەژێر دەست و رەحمەتی خۆسەپێناندا بێت. ئێوە دەنگ بدەن و شەڕی داهاتوو بۆ ئێمە جێبھێڵن، ئێمە دەزانین چۆن فێریان بکەین کە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەترە کە ئەوان بیری لێدەکەنەوە.

ئێوە کچان و کوڕانی رۆژی سەخت و قوربانیدانن، مەهێڵن جگە لە خۆتان کەسیتر بەرهەمی رەنج و ماندووبوونتان بخوات، ئێوە شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەتر و شایستەترن، شایستەی ئەوەن منداڵەکانتان بە سەربەرزییەوە بژین و خێزانەکانتان لە سەقامگیریدابن. بەڵێن و کردارمان یەکن، ئێوە بڕۆن دەنگبدەن و زامنکردنی ژیانتان و شەڕکردن لەسەر مافەکانتان لەسەر ئێمەیە، ئەمە بەڵێنی ئێمەیە و دەشزانن ئەوەی دەیڵێم جێبەجێی دەکەم. 

دروود و سڵاو بۆ رۆحی شەھیدان، سوپاس و ستایش بۆ ماندووبوون و خۆڕاگریتان.
براتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی