بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماری نوێی لەبارەی ژمارەی تووشبوانی شیرپەنجە بڵاوکردەوە و رایگەیاند،" بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی توشبوانی شێرپەنجەی لەمساڵدا گۆڕانکاری بەسەر نەهاتووە"
د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونیدا ئاشکرایکرد، "بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی توشبوانی شێرپەنجەی لەمساڵدا گۆڕانکاری بەسەر نەهاتووە، لە دوو مانگی داهاتوو دەبینە یەکەم سەنتەری شێرپەنجەیی کە قاوش، یاخود هۆڵی نەشتەرگەری تایبەت بەخۆی هەبێت".
باسی لەوەشکرد، "لە ساڵی (٢٠٢٣)دا، (٣٣٥٦) حاڵەتی شێرپەنجەیی هەبووەو نزیکەی (٦٤٤٢) کۆدی گشتی کراوەتەوە، بەراورد بە (١٠) مانگی کۆتایی (٢٠٢٤)، کۆی ئەو کۆدانەی کە کراوە (٥٨٦٦) کۆد کراوە کە لەمە تەنها (٣١٥١)کۆدی شێرپەنجەیی بووە".
وتیشی، "رێژەی ئەمساڵ گۆڕانکارییەکەی ئەتۆی تیادانیە بەراورد بە رێژەیی توشبوانی شێرپەنجە لە ساڵی پار، وا باسدەکرێت سلێمانی بووە بە چەقی توشبوون بە شێرپەنجە، ئەوە دوورە لە راستیەوە".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو ئامارانەی بڵاودەکرێنەوە، تەنها توشبوانی شاری سلێمانی نییە، بەڵکو شارەکانی تری هەرێم وئیدارە سەربەخۆکان و عێراقیشی تیادایە".
یاد نەقشبەندی، ئەوەشی راگەیاند، "لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەین بە داتای ورد ئەوە رێکبخەین، توشوانی شێرپەنجە چەندی پارێزگای سلێمانیەو چەندی پارێزگاکانی تری هەرێم و عێراقە، سەرەڕای هەموو ئاستنەگ و قەیرانەکان توانیومانە چەند هەنگاوێک بنێین بۆ خزمەتی توشبوانی شێرپەنجە، دیارتیرنیان دابینکردنی ئامێرێکی (دێکساسکان) بووە لەلایەن هێزەکانی ئیتاڵیاوە".
لەکۆیدا هێمای بۆئەوەکرد، "کڕینی ئامێرێکی پشکنیی بۆماوەیی، کە دەبینە یەکەم نەخۆشخانەی حکومی ئەو ئامێرەمان دەبێت، بۆ پشکینی شێرپەنجەی خوێن، دابینکردنی تیشکی ناوەکی لە سەنتەری ژیانەوە لەسەر ئەرکی حکومەت و سندوقی شێرپەنجە، تەنها لە ساڵی (٢٠٢٢) بەنزیکەیی بە بەهای (٤٥) ملیار دینار دەرمانمان داوە بە نەخۆش، کە ئەمە بەشێکی لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم و بەشێکیشی لەسەر حکومەتی بەغداد بووە".