ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت، "وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی هەیە لەسەر لیستی مووچە".
موعین کازمی، ئەندامی لیژنە دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بڕیارێک هەیە لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بکرێت و سودانیش لە سەردانەکەی ئەمڕۆدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم باس لە کێشەکان و رێکارەکان دەکات لەگەڵیاندا بۆ ئەوەی چارەسەر ببن.
ئاماژەی بەوەشداوە: فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم هیچ تاوانێکیان نییە، پێویستە داتاکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران بەشێوەیەکی روون و شەفاف رەوانە بکرێت بۆ بەغداد بۆ ئەوەی کێشەی تەکنیکی دروستنەبێت بۆیان و مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکردوە: کێشەی دیکە هەیە لەوانە کێشەی هەناردەنەکردنەوەی نەوت و گۆڕانکاری لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەکە زیادیکردەوە، و کێشەی تەوتین نەکردنی مووچە لە بانکە فیدڕاڵییەکان و نەگەڕاندنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و باج،هۆکاری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادن.