بەغدا بڕێکی زۆر پارە رەوانەی هەرێم دەکات

  2024-12-03  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە بڕێکی دیکەی پارە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ تەواوکاری مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ئەوەی ئاشکراکردوە کە، "وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە گواستنەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەو گەر بگەنە ئەنجام بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری دیکە بەم زووانە دابین دەکرێت  و خەرج دەکرێت بۆ موچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ ".

ئاماژە بەوەشدراوە، "چەند رۆژێکە لە وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوەی جدی و چر بەرێوەدەچێت تاوەکو لەبارەی گواستنەوەکە بە زووی بگەنە ئەنجامێک".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکراکردوە، "ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە بۆ یەک مانگ نییەو دابەش دەکرێتە سەر ئەو سێ مانگەی ماوە"، لەبارەی وردبینی لە لیستی موچەی مانگی ١١، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "وردبینی دەستی پێکردووە بەڵام هێشتا تەواو نەبووە".

ئەمە لەکتێکدایە، کە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ١٠ی ئەمساڵ دابەشنەکراوە و بایکۆت لە فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردوە.