میدیای پارتی: بەتەمای مووچەی مانگی 11 و 12 مەبن

  2024-12-16  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمشەو میدیای نزیک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە ڕاپۆرتێکیدا فەرمانبەرانی بێ هیوا کرد لە دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12.

میدیاکەی نزیک لە مەسرور بارزانی باسی لەوەکردووە، کە دەبوو بەغدا 430 ملیار دینار بۆ تەواوکاری مووچەی مانگی 10 و 11 بنێرێت، بەڵام تا ئێستا نەنێردراوە، ئەمەش ئاماژەی ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە فەرمانبەران بە نیازی مووچەی ئەو دوو مانگە 11 و 12 نەبن.

ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم داهاتی پێنج مانگی رابردووی ناوخۆی لەبەردەستدایە.

ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ڕایگەیاند، لە 1ی ئەم مانگەوە واتە 16 رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 763 ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیاندەویست ئەمساڵ 12 مووچە بدەن ئامادەنەبوون دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 بكەن.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی 10ـی بڵاوکردەوە و لە سبەینێوە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و له‌ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژدا موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی دابه‌شده‌كرێت.