وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد داوایانکردوە پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەرێم رەوانەبکرێت، ئاشکراشی دەکات کە، "پارەکە لە هەفتەی داهاتوودا لە رێگەی بانکی بازرگانی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: کۆمسیۆن داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کارمەندانی کۆمسیۆنی کردووە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا پرۆسەی دەنگدانیان بەڕێوەبردووە.
ئاشکراشی دەکات: شایستە داراییەکانی کارمەندانی کۆمسیۆن لە هەفتەی داهاتوودا لە رێگەی بانکی بازرگانی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و نووسینگەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن پارەکە وەربگرن و بەسەر کارمەنداندا دابەشیبکەن.
وتبێژی کۆمسیۆن باسی لەوەشکردوە: پارەی کارمەندانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە وەزارەتی داراییەوە بۆ پارێزگاکان نێردراوە و لەچەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، زیاتر لە ٤٠هەزار کارمەند بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بۆ هەر کارمەندێک بڕی١٥٠ هەزار دیناری بۆ دیاریکرا، ئەو کەسانەشی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن بڕی ٢٥٠ هەزار و فەرمانبەری یەدەگ ٥٠ هەزار دیناریان پێدەدرێت.