دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە داخستنی چوار ناوەندی هونەری و راگەیاندن لە سنوری سلێمانی، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری عێراق بووە
عەقید سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، "ئێمە لایەنی جێبەجێکارین؛ بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری عێراقەو دراوە کە مۆڵەتیان نەماوە بۆ کارکردن لە عێراقدا".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "مۆڵەتیان تەواو بوە؛ کاتەکە دیارە هەتا کۆتایی ٢٠٢٤ بوە، بڕیارەکە دەرکراوە و ئێمە جێبەجێکارین چونکە لەو شوێنانەیە کە سنوری ئێمەن".
هاوکات، ڕوناک مەجید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕایگەیاند، "ئاسایش بەبێ ئاگادارکردنەوە یاخود بڕیاری دادوەر هاتە سەر بارەگاکەمان و ئاگاداریان کردین کە دەبێت بارەگاکەمان دابخەین".
وتیشی، "درێژکراوەی ئەو بڕیارەیە کە لە مانگی هەشتدا درا و سێ پارتی سیاسیان لە هەرێم قەدەغەکرد، بۆ ئەمەش ڕێککەوتنی هاوبەش ئەنجامدراوە لە نێوان عێراق و تورکیا؛ فشار لە بەرپرسانی سلێمانیش کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە؛ بۆیە بڕیارەکە سیاسییە".
بەرپرسانی ئەو ناوەندانە ڕایدەگەیەنن، هەتا ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان لەلایەن حکومەتی عێراق و هیچ نوسراوێکی فەرمی دادگایان سەبارەت بە بڕیاری داخستنەکە پێنەگەیشتوە.