پەرلەمانتارێكی عێراق: دۆخی دارایی خراپە و وابڕوات مووچە 45 رۆژ دوادەكەوێت

  2025-01-02  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دۆخی دارایی عێراق خراپە و وابڕوات موچە 45 رۆژ بۆ دوو مانگ دوادەكەوێت. دەشڵێت، مانگانە عێراق پێویستی بە 8 تریلیۆن دینارە بۆ مووچە.

مستەفا سەنەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامێكدا رایگەیاند، بودجەی سێ‌ ساڵەی عێراق كارێكی هەڵەبوو، چونكە پابەندییەكانی زۆرن و كاتی خۆشی وتمان جێبەجێناكرێت.

وتیشی، عێراق مانگانە پێویستی بە 8 تریلیۆن دینارە بۆ مووچە، 6  تریلیۆن دینار بۆ موچە فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی و موچەی هەرێمی كوردستان، 1  تریلیۆن و 600 ملیار دینار موچەی خانەنیشینان، 500 بۆ 600 ملیار دینار بۆ موچەی چاودێری كۆمەڵایەتییە، وێڕای ئەوەی مانگانە سەدان ملیار دیناری تر زیادبوە بۆ خەرجییەكان، كە هیچ حسابێكی پێشتری بۆ نەكراوە.

مستەفا سەنەد ئاماژە بەوەشدەکات، تەنیا لە مساڵدا 11 تریلیۆن دینارمان بۆ موچەی هەرێمی كوردستان خەرجكردوە، بەڵام هەرێمی كوردستان تائێستا 4 تریلیۆن دیناری لە داهاتی ناوخۆ دەستكەوتوە، تەنیا 400 ملیار دیناری بۆ بەغدا ناردوەو داهاتی نەوتیش نزیكەی 11 تریلیۆن دیناری عێراقییە، لە نەوتی قاچاغ و نەوتی رەش و نەفتاو بەنزین، ئەو پارانانەی سەرۆكوەزیران داویەتی بەهەرێمی كوردستان پشتی تەرخانكراوە داراییەكانی عێراقی شكاندوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە موچەی مانگانە لە عێراق دوادەكەوێت و هەندێك لە فەرمانگەكان ئەمڕۆ موچەیان وەرگرتوە، هەندێكیش تائێستا موچەیان وەرنەگرتوە،  گەر دۆخەكە وابڕوات لەمانگەكانی داهاتودا موچە بۆ 45 رۆژ و 50 رۆژ و دوو مانگ دوادەكەوێت، رەنگە هەندێك فەرمانگە هەر وەرینەگرن.

ئاماژە بەوەش كردووە، نرخی نەوت بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە رەنگە بەزەحمەت موچەخۆران موچەكانیان وەربگرن، نرخی نەوت چەند دۆلارێك داببەزێت، یان سێ‌ لەسەر چواری موچەخۆران موچە وەردەگرن یان هەمومان سێ‌ لەسەر چوار موچەكانمان وەردەگرین، یان موچە دەبێت بە 45 رۆژ جارێك یان دەبێت بە پاشكەوتی زۆرەملێ‌.