فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دژی درێژکردنەوەی ماوەی سزاکانی تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بەتوندی هاتە دەنگ و رایگەیاند، "درێژکردنەوەی ئابلوقەی نارەوای سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ماوەی شەش مانگی تر ئیدانە دەکەین".
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەدا ئاماژەی بەوەداوە: درێژکردنەوەی ئابلوقەی نارەوای سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ماوەی شەش مانگی تر ئیدانە دەکەین ئەم بڕیارە هیچ پاساوێکی یاسایی و هونەری و خزمەتگوزاری و ئەمنی نیە و پێچەوانەی رێکەوتنامە و بنەما نیودەوڵەتیەکانە لە بواری فرۆکەوانی مەدەنیدا و بڕیارێکی سیاسیە.
دەشڵێت: لەهەمان کاتدا نیگەرانین لەئاست بێدەنگی حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێم و داوایان لێدەکەین بەراشکاوی هەڵوێستیان رابگەیەنن و روونی بکەنەوە لەماوەی دوو ساڵدا کە ئابلوقە لەسەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەپێندراوە چ هەنگاوێکیان ناوە.
لە بەیاننامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی هاتووە، لەکاتێکدا چەند لیژنەیەک لە پەرلەمان و حکومەتەوە لەرابوردودا هاتوونەتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لەراپۆرتەکانیاندا سەلماندوویانە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هیچ گرفتێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری و یاسایی نیە.