پەرلەمانتارێکی عێراق لەسەر شکاندنی نیسابی یاسایی دانیشتنی دوێنێ سەبارەت بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە دەڵێت، "لیژنەی دارایی هەموارەکەی بەوشێوەیە ناردبوو کە حکومەت رەوانەی کردووە".
رائد مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لیژنەی دارایی هەموارەکەی بەوشێوەیە ناردبوو کە حکومەت رەوانەی کردووە، سەرەڕای ناڕەزایی (٧) ئەندانی لیژنەکە، هەروەها تێبینی پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشور کە پێشکەشیان کردووەو، کە مەبەستیان پەکخستنی هەمواری یاسای بودجەو دروستکردنی ئاستەنگ نیە بۆ کێشەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم.
ئەو پەرلەمانتارە سەرسوڕمانی خۆی پیشاندەدات لەبارەی بێئاگایی پەرلەمانتاران و سەرۆکی کوتلەکان لە سروشتی هەموارەکەو کاریگەرییەکانی و لەباربردنی دەرفەتی چارەسەر بۆ یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی پەیوەندی لەگەڵ هەرێم و بەردەوامبون لە سیاسەتی بەشکردنی کێشەکان و هەڵپەساردنی چارەسەرکردنیان.
ئاماژەی بەوەشداوە: بەهێزترین پاساوی ئەوانەی بەرگری لە پێشنیازەکەی حکومەت دەکەن بۆ هەمواری مادەی (١٢) لە یاسای بودجە ئەوەیە، تێپەڕاندنی ئەو هەموارە باشترە لەوەی واز لەنەوتی هەرێم بهێنن بە قاچاغببرێت، ئەوەش مانای وایە ناچاربن بە قبوڵکردنی ئەو واقیعە سیاسییەی کە سەرکردەو سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان سەپاندویانە بەسەر سیاسیەکانی بەغدادا.
جەختیشدەکات، دەکرێت رازیبن بەوەی بەغداد تێچوی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بدات بەڵام بەمەرج، کە گرنگترینیان، بەڕێوەبەردنی ھاوبەشی کێڵگەکان هەرێم و گرێبەستەکان و کۆمەڵێک پرسی ترە کە ئامادەن لەکۆبونەوەی پەیوەست بەو پرسە بیخەنەڕوو.
ئەم قسانەی رائد مالیکی لەکاتێکدایە، دوێنێ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد، کە تایبەتە بە نرخی تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام بەهۆی شکاندنی نیسابی یاسایی لەلایەن پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشورەوە، هەموارەکە تێنپەڕی و دانیشتنەکە هەڵگیرا.