رێباز حەملان زانیاری لەسەر کۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم دەخاتەڕوو

  2025-01-31  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، " لەسەر دوو بابەت قسە کرا، بابەتێکیان لیستی موچەی مانگی یەک بوو، بابەتەکەی تر لەسەر لیستی خانەنشینان بوو".

رێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند: لەسەر دوو بابەت قسە کرا، بابەتێکیان لیستی موچەی مانگی یەک بوو، لەسەر ئەم بابەتە ئەو لیژنەی کە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە چوەتە هەولێر، هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ بەغدادو ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە. 

ئاماژەی بەوەشدا: بابەتەکەی تر لەسەر لیستی خانەنشینان بوو، کە تێبینییەکهەبوو سەبارەت بەوەی لە ١/١/٢٠٢٥وە کێ خانەنشین دەکرێت بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەبێت، ئەوەی لەرابردوودا هەرێمی کوردستان کردویەتی لەسەر داهاتەکانی خۆی کردویەتی، نەک لەسەر تەرخانکراوی حکومەتی عێراقی، حکومەتی عێراق لە ١/١وە یەکخستنی خانەنشینیی هەرێم جێبەجێ دەکات، بۆیە لەسەر ئەو لیستانە تۆزێک وردەکاریی هەبوو، کۆبوونەوەکە کەوتەوە سبەینێ، لە کاتژمێر هەشتەوە لە وەزارەتی دارایی تیمی ھەردوولا بەردەوام دەبن. 

 وتیشی:  کۆبوونەوەکە ئیجابی بوو، بەرەو ئەوە ئەڕوات چارەسەر بێت، ئەوەی ئەمڕۆ باسکرا دەکرێت بە بنەما بۆ هەر ١٢ مانگەکە.