روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد شەڕێكی قورس لەنێوان گروپە چەکدارەکانى پاشماوەى حکومەتەکەى ئەسەد و هێزەکانی حکومەتی سوریا روویدا.
لە راگەیەندراوێکدا روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، "گروپە چەکدارەکانى پاشماوەى حکومەتەکەى ئەسەد لە ناوچەیەکی نزیکی شارۆچکەی جبلەی پارێزگای لازقییە، بۆسەیان بۆ هێزەکانی حکومەتی دیمەشق ناوەتەوە و 16 چەکداریان کوشتووە و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون".
ئاماژە بەوەکراوە، "سەرجەم کوژراو و بریندارەکان لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی سوریان و لەگەڵ چەکدارانی سەر بە سوهێل حەسەن، ئەفسەری سوپای پێشووی سوریا رووبەڕوو بوونەتەوە".
باس لەوەشکراوە، "هێلیکۆپتەر بۆردوومانى گرووپە چەکدارەکانى کردووە و هێز و کۆمەکی سەربازیی سەربە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە زرێپۆشی سەربازییەوە رەوانەی ناوچەکە کراون".