کۆمسیۆن داواکارییەکی دانا ئەحمەد مەجیدی رەتکردەوە

  2025-04-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داواکارییەکی دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی رەتکردەوە تایبەت بە بەستنی کۆنفرانسی برزووتنەوەی گۆڕان و دەڵێت، " رێکخەری گشتی حزب ماوەی بەسەرچووە".

کۆمسیۆن لە نوسراوەکەیدا دەڵێت:

یەکەم: پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران ژمارە (١)ـی کۆنووسی نائاسایی ژمارە (٤٨) لە ١١/٩/٢٠٢٤، کە تێیدا دەسەڵاتی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی دیاریکردووە بۆ ماوەی (٦) مانگ کە لە ١١/٣/٢٠٢٥ کۆتایی دێت.

داواکەی دانا ئەحمەد مەجید بریکاری رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە (عومەر عەلی حسێن) لە ٢٤/٣/٢٠٢٥ لە کاتێکدایە کە رێکخەری گشتی حزب ماوەی بەسەرچووە.
 
دووەم: نووسراوەکەتان لەژێر ناونیشانی بەستنی کۆنگرەدایە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ بەستنی کۆنگرە و دیاریکردنی شوێن و کات، بەو پێیەی کە لە بڕیاری ئەنجومەندا هاتووە.

سێیەم: ئەو دەست لەکارکێشانەوانەی لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید بریکاری رێکخەری گشتی ماوەبەسەرچوو پێشکەش کراون، پێویستە بە داواکاری کەسی (کشانەوە) پێشکەش بکرێن و کارتی نیشتمانی هاوپێچ بکرێت تا وردبینی بۆ بکرێت و لەلایەن فەرمانگەکەوە پشتی پێببەسترێت.

کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەداوە، "بۆیە لەژێر رۆشنایی ئەو هۆکارانەی سەرەوەدا، رەزامەندی نادرێت لەسەر داواکەتان بۆ بەستنی کۆنگرە، چونکە داواکەتان پێچەوانەی یاسای پارتە سیاسییەکان و بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی ئاماژە پێدراوە".