بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی نووسین رەخنەگرتن

  2025-04-22  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵیادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی 'کوردستان'ـەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو راگەیاندنکار و رۆژنامەوانانە دەکەم کە پیشەییانە شانیان داوەتەبەر بەجێگەیاندنی ئەرکی میدیایی و وەک خامەیەکی سەنگین و بوێر و ئازا خزمەتی رەوتی رۆژنامەگەریی کوردی و گەلەکەمان دەکەن.

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشداوە: وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی نووسین، رەخنەگرتن و ئازادی رادەربڕین کە پایەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی هەرێمەکەمان و کۆمەڵگەی کوردین.

دەشڵێت: لەم رۆژەدا رۆژنامەوانان دڵنیادەکەمەوە کە بەهەموو توانامەوە رێگردەبم لە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان. 

باسی لەوەشکردوە: دووپاتیدەکەمەوە کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ھەر کەیسێکی رۆژنامەوانیدا بکەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆتای پەیامەکەیدا هێمای بۆ ئەوەکردوە: داواکاری من لە رۆژنامەوانانی بەڕێز ئەوەیە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بێت و ببنە پارێزەری بەرژەوەندیی خەڵکە خۆشەویستەکەمان. ئەرکی رۆژنامەوانانە پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرس و رووداوەکاندا بکەن و کارەکەیان تێکەڵی رقی کەسی و حیزبی نەکەن و هەڵگری قەڵەمێکی راستگۆ و بوێربن.