"رێگا نادەم نزیكەكانم و یەکێتیەکان پێگەكانیان بۆ مەرامی خۆیان بەكاربهێنن"

  2020-07-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای چەند ڕێنماییەكی تاهیر بامۆكی، مامۆستای ئاینی، بۆ هاوسەرۆكی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی پێوە دەكات و دەڵێت ڕێگا نادات هیچ كەسێك لەدەوروبەری خۆی ولە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێگەكانیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاربهێنن.

دوای ئەوەی تاهیر بامۆكی، مامۆستای ئاینی دیاری هەرێمی كوردستان لە پۆستێكدا چەند داوا و رێنماییەكی هاوسەرۆكی یەكێتی دەكات، لەلایەن لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی وەڵامی دەدرێتەوە دەستخۆشی لێدەكات بۆ پەیامەكەی و دەڵێت، پەروەردە وسیاسەتی ئێمە خزمەتكردنە بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هیچ كاتێكیش پۆست وپێگەی خۆی بۆ مەرام و بەرژەوەندی تایبەتی و شەخسی بەكارناهێنێت.

ئەو لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ ئەو مامۆستا ئاینیە وتوشیەتی، ڕێگا نادات هیچ كەسێك لەدەوروبەری خۆی ولە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێگەكانیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاربهێنن. 

تاهیر بامۆكی لە نوسینەكەیدا بۆ لاهور شێخ جەنگی داوای لێدەكات هەرگیز ئەو نەبێتە هۆكارێك بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناو كورد و داواشیكردووە خۆی لەو ڕێگایە بپارێزێت كە سەركردە سیاسیەكان پێی لە خشتە براون كە (ژن و سامان) بووە و داواش دەكات هەوڵبدات دڵی خەڵكی بەدەست بهێنێت نەك دەم و زمانیان. 

لە پەیوەندیە تەلەفونیەكەدا هاوسەرۆكی یەكێتی وتوشیەتی، دەبێت مامۆستایانی ئاینی پایەداریش هاوكار وپشتیوانم بن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین و دەست و چاومان لەسەر هەژاران و كەم دەرامەتی گەلەكەمان بێت.

مەلا تاهیر لە پەیامەكەیدا وتوشیەتی "لە زەمانێكدا كورد دۆستی كەمە و دوژمنی زۆر و بێ ڕەحم و فێڵباز، بەینی خۆم و خوا یەك زەڕە ئیشم پێت نی یە بەڵام حەز ئەكەم مەرد وسەركەوتوو بیت، كۆتا قسەم لە ژیانتا ڕاوێژ بكە بە كەسانێك لە دەرەوەی بازنەی تەسكی حیزبایەتی و خزمایەتی كەمترین پەشیمانی ڕووت تێدەكات".


ڕیکلام