سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: فەرمانم کردووە هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا

  12   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە پارێزگای سوەیدا.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، هێرش بکەنە سەر ئەو هێزانەی حکومەتی سووریا کە چوونەتە ناو پارێزگای سوەیدا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیشی کردووەتەوە، چوونی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ نێو پارێزگای سوەیدا پێشێلکردنی ڕێککەوتنی چەکداماڵینە کە پێشتر ڕاگەیەنراوە. جەختیشی کردووەتەوە، پابەندن بە پاراستنی دروزەکانی سووریا لەسەر بنەمای برایەتیی هاوبەشیان لەگەڵ دروزەکانی ئیسرائیل.

هاوکات سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران ناتانیاهۆ، چەک، تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی حکوومەتی سووریایان لە پارێزگای سوەیدا بۆمباران کردووە. 

میدیاکانی سووریاش بڵاویانکردووەتەوە، لە ئەنجامی بۆمبارانەکانی ئیسرائیل، ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بریندار بوون.


ڕیکلام