وەزارەتی دارایی عێراق ناردنی مووچەی مانگی پێنجی بۆ هەرێم راگەیاند

  2025-07-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکرد بە ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، "خەرجکردنی مووچە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بوو بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە ئێستادا بەرهەمدەهێندرێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت(سۆمۆ)".

وەزارەتی دارایی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارەی (550)ی ئەنجومەنی وەزیران کە لە دانیشتنی 17ی تەمموزی 2025بڕیاری لەبارەوە درا. وەزارەتی دارایی دەستیکرد بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری 2025. 

ئاماژەی بەوەشداوە: خەرجکردنی مووچە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بوو بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە ئێستادا بەرهەمدەھێندرێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت(سۆمۆ).

لە روونکردنەوەکەیدا دارایی عێراق باسی لەوەشکردوە کە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە رادەستکردنی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو تا ئەو کاتەی دەگاتە ئەو ئاستەی کە رێکەوتنی لەسەر کراوە و لە یاسای بودجەشدا هاتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، داهاتە نانەوتییەکان وەرگیراون کە بڕەکەی 120ملیار دینارە، هەروەها هەنگاو دەنرێت بۆ جێبەجێکردنی تەواو بەندەکانی رێککەوتنەکە.

وەزارەتی دارایی جەختدەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی تەواوی پابەندە دارایی و دەستوورییەکانی بەرانبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئەوکاتەی پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و بڕیارەکانی دوایین ئەنجومەنی وەزیران.


ڕیکلام