هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە چەکدانان رەتدەکەنە و رایدەگەیەنن، " بەهۆی گرژییە بەردەوامەکانی سوریا و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان رادەست بکەن".
ئەبجەر داود، وتەبێژی فەرمیی ھەسەدە، بە رۆژنامەی الشرق الاوسطی راگەیاندوە: ئەوان چەکدانان رەتدەکەنەوە، لە سایەی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە باشوری سوریا و پەرەسەندنی هەڕەشەکانی داعش لە دژیان بەم دواییانە.
ئەبجەر داود، لە بارەی ئەو هەوڵانەی کە باس لە دیاریکردنی (٣٠) رۆژ دەکەن بۆ تێکەڵبوونیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا، وتی: بەهۆی گرژییە بەردەوامەکانی سوریا و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان رادەست بکەن.
ئاماژەی بەوەشداوە: فەرماندەیی گشتی ئەو هێزانە، کە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش پاڵپشتی دەکرێن، لە رۆژی یەکەمەوە ئامادەیی خۆی بۆ تێکەڵبوون بە دامەزراوە نوێیەکانی دەوڵەت راگەیاندووە.
باسی لەوەشکردوە: دەتوانین لەرێگەی رێکەوتنێکی یاسایی دەستورییەوە بچینە ناو سوپای سوریاوە، کە دان بە پێگەی تایبەتمەندی هێزەکانماندا بنێت، بەمەرجێک وەک یەکەیەکی سەربازی یەکگرتوو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆمان بخرێتە ناو سوپای سوریاوە.
جەختیشکرد لەوەی، دیدارەکەی ئەم دواییەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا، ئەرێنی بووەو بڕیارە لە ئایندەدا کۆبونەوەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا بەردەوامی هەبێت بۆ بەداداچوونی دانوستانەکان و تاوتوێکردنی پرسە مشتومڕاوییەکان و خاڵە ھەڵواسراوەکانی نێوانیان.