دوو پەیامی عەرەبی و رۆژئاوایی دۆخەکەی لە عێراق ژێراو ژوور کرد

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژنامەی " الشرق الاوسط" بڵاویکردوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە: لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسیەکان دوو پەیامی هۆشداری نائاساییان لە دەوڵە تێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواییەوە بەدەست گەیشتووە، کە زانیاری جددیان لە خۆگرتووە سەبارەت بە نزیکبونەوەی وەشاندنی گورزی سەربازی فراوان لە عێراق.

بەرپرسێکی عێراقی دووپاتی کردووتەوە، "وڵاتێکی دۆست" بەغدادی لە ناوەرۆکی ئەو هەڕەشەیە ئاگادار کردووەتەوە، پێش ئەوەی میلیشیا شعییەکان سازش بکەن و بڕیاری دانانی چەک بدەن.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوەشدەکات: ئەگەری ئەوە هەبوو هێرشەکان دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە گروپە شیعەکان و حەشدی شەعبی بکەنە ئامانج، هەروەها ئەو کەسایەتیانەی کە هەژموونی دارایی و سەربازییان هەیە، هەروەها شوێن و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک و کەمپەکانی مەشقکردن، واش لێکدەدرێتەوە کە ئەم دوو پەیامە راگەیاندنی دانانی چەکی ئەو گروپانەی خێراتر کردبێت.

ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن، ئاستی هەڕەشەکان رووی لە هەڵکشان کردووە سەرەتا بە پەیامی دەوڵەتێکی عەرەبی کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان هەیە، ئەم پەیامە جەختی لەوە کردۆتەوە کە بەغداد زۆر نزیکە لەوەی روبەڕوی هێرشێکی سەربازی هاوشێوەی بەئامانجکردنی مەکتەبی سیاسی حەماس لە دۆحە ببێتەوە.

لە پەیامەکەدا بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی حکومەتی عێراق ئاگادارکراونەتەوە کە ئاستی هەڕەشەکان لەڕادەبەدەر جدییە، بەشێوەیەک ئیسرائیل ئێستا باس لەوە دەکات گڵۆپی سەوز لە ئەمریکییەکان وەرگرتووە بۆ ئەوەی تاکلایەنە لە عێراق مامەڵە بکات.

سەرچاوەکان راشیانگەیاندووە: دوای چەند رۆژێک لە گەیشتنی پەیامە عەرەبیەکە، بەرپرسانی حکومی دۆسییەکی زەبەلاحیان لە دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواوە پێگەیشتووە کە لیستێکی ئامادەکراو بووە لەلایەن دەزگایەکی ئەمنی ئیسرائیلی و زانیاریی فراوان و وردی لەبارەی گروپە چەکدارەکانی عێراقی تێدابووە ، بەجۆرێک قەبارە و وردی و گشتگیری زانیاریەکان بەرپرسانی عێراقی سەرسام کردووە.

ئەو لیستانەی کە دەزگای هەواڵگرییە رۆژئاواییەکە گەیاندویەتی، زانیاری وردیان لە بارەی بەرپرسی گروپەکان و کەسانی نهێنی چالاک بازنەی نزیکیان لەخۆگرتووە، هەروەها ئەو کەسانەی کە بەرژەوەندییە دارایی و بازرگانییەکانی پەیوەست بە گروپەکان بەڕێوەدەبەن  لەگەڵ ئەو دامودەزگا حکومییەکانەشی نوێنەرایەتی هەژموونی گروپە چەکدارەکان دەکەن.


ڕیکلام