بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە، و ڕایگەیاند، سوورین لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار، لەسەر ئەوبنەمایەش، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە.
دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە..
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئەمڕۆ سێشەممە 23/12/2025 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدەباشان، كۆبووەوە، بە وردی پرسەكانی پێكهێنانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانی تاوتوێكرد.
كۆبوونەوەكە، پەیوەست بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم، سووربوونی یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی نیشاندا؛ لەسەر ئەوبنەمایەش، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە.
هەروەك، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵیش، لەکۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیدا، تەئکید کرایەوە لەوەی یەكێتی مەبەستییەتی لەبەغدادیش حكومەتێكی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت.کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراوبێت و گوزارشت بکات لە خواستی هەموو پێکهاتەکانی وڵات، ئەمەش لەسۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەکێتییەوەیە، کە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە. بۆ ئەو مەبەستەش، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوامدەبێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان