دانیشتووانی چەند ناوچەیەکی هەولێر; نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕوناکی زۆر زیادیکردوە

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دانیشتووانی چەند ناوچەیەکی سنوری پارێزگای هەولێر، ناڕەزایەتی توند بەرامبەر گۆڕانکاریی لەناکاوی سیستەمی فرۆشتنی کارەبا لەلایەن پڕۆژەی ڕووناکی دەردەبڕن و ڕایدەگەیەنن کە ئەم بڕیارە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دراوە و بارگرانییەکی گەورەی دارایی بۆ خێزانەکان دروست کردوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دانیشتوانی چەند ناوچەیەکەی سنوری پاریزگاکە، پێشتر هاوبەشانی پڕۆژەکە بۆ هەر مانگێک بڕی ٤٠٠ یەکەی (وەحدە) کارەبایان بە نرخی پاڵپشتیکراو (٧٢ دینار بۆ هەر یەکەیەک) پێ دەدرا، بەڵام لە سیستەمە نوێیەکەدا، ئەو ٤٠٠ یەکەیە دابەشکراوە بۆ ٣٠ ڕۆژ، بە جۆرێک بۆ هەر ڕۆژێک تەنها ١٣ یەکەی کارەبا بە نرخی ٧٢ دینار هەژمار دەکرێت. هەر تێپەڕاندنێکی ئەو بڕە لە ڕۆژێکدا، نرخەکەی بۆ ١٠٥ دینار بەرز دەبێتەوە.

بەپێی سیستەمە نوێیەکە، ئەگەر خێزانێک لە ڕۆژێکدا ٢٠ یەکە بەکاربهێنێت (کە بڕێکی ئاساییە)، ٧ یەکەکەی تری بە نرخی بەرز بۆ هەژمار دەکرێت. ئەمەش تێچووی مانگانەی کارەبا بۆ نزیکەی سێ هێندەی نرخەکەی پێشوو بەرز دەکاتەوە. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنها کارپێکردنی "بۆیلەرێکی ئاو" بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی ئەو بڕە دیاریکراوە.

دانیشتووانی قەزای (قوشتەپە) و ناوچەکانی (دەشتی هەولێر، شەمامک، پیرزین، شاویس، مەلا ئۆمەر، دارەتوو، بحرکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا پرسیاری ئەوە دەکەن: "بۆچی هاوڵاتییان پێشوەختە ئاگادار نەکراونەتەوە؟ و ئایا ئەم سیستەمە چ دادپەروەرییەکی تێدایە جگە لە قورسکردنی باری دارایی خەڵک؟"

هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلە و شەفافیەت لە پڕۆژەی ڕووناکی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.


ڕیکلام