میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایانکرد، گەورەترین قاچاخچیی مرۆڤ لە ئەوروپا کە بە ڕەچەڵەک کوردە و بە "پاشای قاچاخچییەکان" ناسراوە، لە خاکی بەریتانیا دۆزراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر سزادراوە، بەڵام بە ئاشکرا تەحەدای هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەکات
بەپێی ڕاپۆرتێکی (بی بی سی)ـی بەریتانی، شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو قاچاخچییە کە ناوی "توانا جەمال"ـە و خەڵکی شاری ڕانیەیە، لە ناوچەی لیستەرشێری بەریتانیا ئاشکرا بووە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ناوبراو لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە چاودێریی کراوە و دەرکەوتووە بەبێ مۆڵەت ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت.
لەبارەی داهات و شێوازی کارکردنییەوە، زانیارییەکان دەری دەخەن کە لە کاتی لوتکەی کارەکانیدا، توانا هەفتانە نزیکەی 100 هەزار پاوەندی پەیدا کردووە و بۆ گواستنەوەی هەر کۆچبەرێکیش بڕی چوار هەزار و 500 پاوەندی وەرگرتووە. هاوکات مانگانە نزیکەی 80 لۆریی پڕ لە پەنابەری ڕەوانەی بەریتانیا کردووە، بۆ دەربازبوونیش لە پشکنین و سەگە پۆلیسییەکان، کۆچبەرەکانی لەناو ئەو لۆرییانەدا شاردووەتەوە کە پیاز و پەنیریان گواستووەتەوە، تاوەکو بۆنەکەی ڕێگری لە ئاشکرابوونیان بکات.
پێشینەی کارەکانی ئەم بازرگانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2012 بۆ 2016 ، کاتێک لە کەمپی "گراند سانت"ـی نزیک شاری دەنکیرکی فەرەنسا، سەرپەرشتیی یەکێک لە گەورەترین تۆڕەکانی قاچاخچێتی کردووە، کە هەر بەهۆی ئەم کارانەشەوە پێشتر لە دادگاکانی فەرەنسا سزای بەسەردا سەپێنراوە.