ئومێد خۆشناو: پەرلەمانی كوردستان بووەتە شوێنی دروستبوونی كێشە

  2020-07-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی كوردستان ماوەی چەند خولێكە بووەتە كێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و لە جیاتی كێشەكان چارەسەر بكات بۆخۆی كێشە دروست دەكات .

ئومێد خۆشناو لە دیدارێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند: چەند خولێكە پەرلەمانی كوردستان نەبۆتە ئەو چەترە نیشتیمانییەی، كه ‌كێشەكانی دەرەوەی پەرلەمان و ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی هاوڵاتییان و دەسەڵات، حیزبە سیاسیەكان ڕێك ‌بخات. 

ناوبراو وتیشی: لەو چەند خولەی پەرلەمانی كوردستان بەداخەوە بۆتە بەشێك لە خوڵقاندنی كێشە، لەبەرئەوەی فەزایەكی زۆر فراوانی مناوەرەی سیاسی موزایەدەی سیاسی و هەڵسوكەوتی هەموو لایەنەكان‌ بۆتە هۆكارێك له ‌جیاتی ئەوەی كێشەكان بێنە پەرلەمان و چارەسەرببن و دیوە تەندروستەكەی وەربگرێت، لە پەرلەمانەوە كێشەكان بۆ دەرەوەی پەرلەمان هەناردە كراوە، زۆرجاریش بۆتە هۆی ئەوەی پەیوەندییە سیاسیەكانیشی تێكداوە. 

خۆشناو دەشڵێت هەوڵێك هەیە لەوەی كە پەرلەمان ئەگەر سەرۆكەكەی لەكێ بوو، وا وێنابكرێت، كە ئەو دەزگایە هی ئەوانە، ئاماژە بەوەش دەكات ئێٍستاش ئەوان سورن لەسەر بڕیارەكەی كاتی خۆی دژی بزوتنەوەی گۆڕان و یوسف محەمەد كە رێگریان كرد لەوەی بچێتەوە پەرلەمان لەو بارەیەوە دەڵێت ئەو"بەڕێزەی ئەو كات لە سەرۆكی پەرلەمان بوو لە چوارچێوەی ڕێكەوتنێكی سیاسی لەگەڵ ئێمە، متمانەمان پێدابوو سەرۆكی پەرلەمان بوو، كاتێك ئەو بابەتانەی كە پێیدەوترا تەوافوقی نیشتیمانی نەما، ڕێكەوتنەكە هەڵوەشایەوه،‌ ئێمە ئەو كاتەی پەرلەمانمان دانەخست، ئەو كات ڕامانگەیاند ئەو "بەڕێزە" نابێت سەرۆكی پەرلەمان بێت. نه ‌ئەو كات شاردمانەوە لە خەڵكی كوردستان، نه ‌ئێستاش ئێمە داوامانكرد لە بزوتنەوەی گۆڕان پەرلەمان هەر كاتێك كاندیدێكی تر پێشكەش بكەن، بابێن سەرۆكی پەرلەمان دەگۆڕین" 


ڕیکلام