حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 23 جار داوای دیدار و گفتوگۆی لێكردوون .
لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئێران گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن ڕەتناكاتەوە، بەڵام نایانەێت گفتوگۆیەكی خۆدەرخستن و كاتبەسەر بردن ئەنجام بدەن،بەڵکو دەیانەێت گفتووگۆیەکی ڕاستەقینە بێت .
ڕۆحانی ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەر لەهەر گفتوگۆیەك گەمارۆكانیان لەسەر لابەرێت، لەوبارەیەوە وتی "هەر وتوێژێك لەگەڵ ئەمریكادا پێویستە یەكەمجار لەسەر بنەمای هەڵگرتنی گەمارۆ ئابورییەكان بێت . "
لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك كۆماری ئێران وتیشی "ئەمریكییەكان ژمارەی تەلەفۆنیان بۆ ناردوون، بۆ ئەوەی پەیوەندییان پێوە بكەین، گومانیان هەبوو كە لەبەرامبەر گەمارۆكاندا خۆمان ناگرین و چەند مانگێكە و ناچار دەبین پەیوەندییان پێوەبكەین ".
ڕۆحانی ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستاش ئەمریكا فشاریان لێدەكات و ڕێگری كردووە لەبەدەستهێنانی قەرزێك لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا .
ئەو وتانەی سەرۆك كۆماری ئێران لە كاتێكدایە، لەناوەرٍاستی مانگی رابردووەوە بەهای تمەنی ئێرانی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكایدا بەشێوەیەكی بەرچاو هەرەسی هێناوە و چەندبەرامبەر لەچاو ساڵی رابردوودا بەهاكەی هاتووەتەخوارەوە .