دادگاییكردنی تۆمەتباری كوشتنی سێوان قادر دواخرا بۆ دوای جەژن

  2020-07-28  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 دڵشاد سەید عەلی
دۆسیەی دادگایی كردنی بكوژی سێوان قادر، جارێكی دیكە دواخرایەوە و باوكی كوژراوەكەش دەڵێت تا ئێستا زیاتر لە 15 كەسیان ناردووە بۆ ئەنجامدانی رێكەوتن (سوڵح).

ئەمڕۆ دانیشتنێكی دیكە لەبارەی كەیسی سێوان قادر و منداڵەكانی بەڕێوە چوو دادگا وەك پێدانی دەرفەت بە پارێزەرانی تۆمەتبارەكە جارێكی دیكە دانیشتنەكەی دواخست و بڕیارە یەكەم رۆژی دوای پشووی جەژنی قوربان دانیشتنی كۆتایی ئەنجام بدرێت. 

كۆسالان حەمە موراد، پارێزەری كەیسەكەی سێوان قادر و منداڵەكانی بە میدیاكانی راگەیاند، لەلایەن پارێزەرانی تۆمەتبارەكەوە داوا لە دادگاكرا ئەو سیدیانەی وەكو بەڵگە دراونەتە دادگا لە ناو هۆڵی داددگاییەكە لێ بدرێتەوە، بەڵام دادگا وەك پێدانی دەرفەتێكی دیكە بە پارێزەرانی تۆمەتبار كەیسەكەی بۆ دانیشتنێكی دیكە دواخست. 

ئەو وتیشی، ئێمە دڵنیاین لە دادگا كە بڕیارێكی دادپەروەرانە دەدات، ئەو دواخستنەی ئەمڕۆش تەنها بۆ دەرفەتدان بووە بە پارێزەران ئەگەرنا دادگا ناچار نیە قەناعەت بە دانیشتوانی ناوهۆڵی دادگا بكات و بەڵگەی تاوان لێبداتەوە لە ناوهۆڵەكەدا. 

هەر لەو بارەیەوە باوكی سێوان رایگەیاند، تاوانەكە تەنها یەك تاوان نیە بەڵكو كوشتنی دایكێك و سێ منداڵیەتی، هیوام بە دادگا هەیە كە هەق بۆ هەقدا بگێڕێتەوە. 

ئەو ئاشكرایكرد تا ئێستا زیاتر لە 15 كەس لە لایەن كەسوكاری تۆمەتبارەكەوە داوایان لێكردووە رێكەوتن (سوڵح) بكات لەسەر ئەو دۆسیەیە بەڵام ئەو رەتیكردووەتەوە.   

هەفتەی رابردوو لیژنەی تایبەتبەند لە وەزارەتی ناوخۆ ئاشكرایكرد كە بەڵگەی پێویست لەبەردەستی دادگا هەیە بۆ دیاریكردنی تاوانباری كەیسەكە، ئەوان ئاماژەیان بەوەكرد كە تۆمەتباری سەرەكی كە بەڵگەكانی لەسەر هاوسەری سێوانە كە لەگەڵ منداڵەكانیدا  لە ماڵەكەیاندا ئاگریان گرت و گیانیان لەدەستدا. 

ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی 2018، لە قەزای چەمچەماڵ بەهۆی ئاگركەوتنەوە سێوان و سێ منداڵی سوتان و گیانیان لەدەستدا، لە دادگای تاوانەكانی سلێمانی، رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2019، یەكەم دانیشتنی دادگایی هاوسەری سێوان قادر بەڕێوەچوو تا ئێٍتا دادگایی كردنەكە بەردەوامە. 

پێشتر ئافرەتێكیش بە تاوانی تێوەگلان لە كوشتنی ئەو ژنە و مندالەكانی دەستگیر كرابوو بەڵام لە رۆژی 22ی نیسانی 2019، دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی بڕیاری ئازادكردنی بۆ دەركرد، لەبەر ئەوەی دیار(هاوسەری سێوان) لەبەردەم دادگا وتویەتی هیچ پەیوەندیەكی سۆزداری بەو كەسەوە نیە بەڵكو وەك خوشكی خۆی سەیری كردووە و پەیوەندیشی لەگەڵ سێوان خۆش بووە. 


ڕیکلام