فەریزەی حەجی ئەمساڵ لەسەردەمی کۆرۆنادا

  2020-07-29  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ حاجیانی ماڵی خوا لەمزگەوتی حەرام لە شاری مەككە تەوافی هاتنیان ئەنجامدا، وەك سەرەتای دەستپێكردنی ئەركەكانی دیكەی حەجی ئەمساڵ، كە بەهۆی فایرۆسی كۆرۆناوە ڕێوشوێنی پێویستی تیا گیراوەتە بەر .

بەشداریكردنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ تەنها بۆ هاوڵاتیانی سعودیە و ئەو بیانیانە بووە كە لەناوخۆیی ئەو وڵاتە جێنشینن، بەڵام بە گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە تەندروستییە پێویستەكان، كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە گیراوەتە بەر .

بە گوێرەی سەرژمێرییەكانی وەزارەتی حەجی سعودیە، 10 هەزار كەس لەناوخۆیی سعودیە بەشداری فەریزەی حەجی ئەمساڵیان كردووە، لەكاتێكدا ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار حاجی بەشداربوون.

پرۆتۆكۆلەكانی خۆپارێزی بۆ جێبەجێكردنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، هەموو حاجیان پابەندكراون بە خشتەیەكی ڕێكخراو بۆ گواستنەوەیان لە كاتی تەواف، كە دەبێت پارێزگاری بكرێت لە ماوەی نێوان كەسەكان، بۆ ئەو مەبەستەش بەربەرست و نوسین و نیشانەی پێویست لەسەر زەوی كەعبە دانراوە، بۆ ئەوەی ئاراستەی سوڕانەوەی حاجیان بەدەوری كەعبەدا بەشێوەیەی ئارام و تەندروست بەڕێوە بچێت .

حاجیان دوای تەواوكردنی تەواوفی هاتن دەڕۆن بۆ مینا بۆ بەسەر بردنی شەوی مانەوە و دواتر سبەینێ پێنجشەممە گەورەتریت ئەركی حەج ئەنجام دەدەن، كە بریتییە لە وەستان لەسەر كێوی عەرەفە .

دەسەڵاتدارانی سعودیە بۆ دوورخستنەوەی حاجیان لە پەتای كۆرۆنا، بە بێ مۆڵەتی فەرمی ڕێگە یەهیچ كەسێك نادرێت بچێتە ناوچە پیرۆزەكانی وەك مینا و موزدەلیفە و كێوی عەرەفات .

 لە هەموو ئەو شوێنانەش خزمەتگوزاری پێویست دابینكراوە، مەرجیشە دەبێت حاجیان و كارمەندانی شوێنەكان هێزە ئەمنییەكان و كارمەندانی خزمەتگوزاری سەرجەمیان دەمامك بپۆشن .

دوای هەموو كۆبوونەوە و هاتووچۆیەك لەوشوێنانەی كە نانی لێدەخورێت یان هاتووچۆی قەرەباڵغیان لەسەرە، دەستبەجێ بە مادەی پاكژكردنەوە ناوچەكە خاوێن دەكرێتەوە و رێگە بە كۆڕو كۆبوونەوە و هیچ قەرەباڵغییەك نادرێت .

سەبارەت بە گواستنەوە و هاتوچۆی حاجیانشن پاسی تایبەت دابینكراوە، كە بە ژمارەی دیاریكراو حاجی سەردەكەون و هەر حاجییەكیش ژمارەی كورسی تایبەت بە خۆی پێدەدرێت، بەشێوەیەك حاجی پابەندكراوە تا تەواوبوونی مەراسیمەكان و گەڕانەوە و تەواوبوونی وەرزی حەج مەرجە دەبێت لەگەڵ هەمان پاس و هەمان كورسی تایبەتی خۆی دابنیشێت .

ئەو كەسانەش كە ناتوانن وەك پێویست جموجوڵ بكەن، لەكاتی سەركەوت و دابەزین و گواستنەوە بۆ شوێنی مەبەست كارمەندی تایبەتی تەرخانكراوە بۆ هاوكاریی حاجیان .



ڕیکلام