لاهور شێخ جەنگی: یەکێتی دەیەوێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە حکومەت و حوكمڕانی دا

  2020-07-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکى یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رۆبەرت وۆڵەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێتى دەیەوێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە حکومەت و حوكمڕانی دا.

ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکى یەکێتی لەگەڵ رۆبەرت وۆڵەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و لەو کۆبونەوەیەدا رایگەیاند، پێگه‌ی ئێستای یه‌كێتی و قوربانیدان و خه‌باته‌ مێژووییه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ ده‌خوازن كه ‌پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی بێت لە دروستكردنی بڕیار و خاوه‌ندارێتی كردن له‌ چارەسەرە سەرەکی و ستراتیژییەکاندا.

وتیشى، یەکێتی به‌راورد به‌ چه‌ند ساڵی رابردووی، ئێستا حزبێکی به‌هێزتره‌، سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی هەیە و  سه‌ركه‌وتنی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی حوكمڕانیی ژیرانه‌ و ته‌ندروست له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێویستی به‌ به‌رنامه‌ و تواناكانی یه‌كێتییه.

هاوسەرۆکى یەکێتى ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین چاکسازییەکی بنچینه‌یی و گەورە بكه‌ن له‌ دۆخی كوردستاندا، پێویستە پێشوه‌خته‌ شەفافییەتێکی تەواویان هەبێت لە داهاتی حکومەتی هه‌رێمدا، پێویستە پێداچوونەوە بکەن بە داهاتەکانی حکومەت و داهاتی خاڵە سنورییەکان.

لاهور شێخ جەنگى جەختیکردەوە، به‌ هیچ جۆرێك دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌ و ناکرێت "چاکسازیی" تەنها موچەی فەرمانبەران بگرێتەوە، هەروەها گرنگە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بێت بۆ ئه‌وه‌ی رێککەوتنێکی بنچینه‌یی لەسەر بودجەی هه‌رێم بێته‌ ئارا کە سودی بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان هەبێت.





ڕیکلام