له نهخۆشخانهی ڕزگاری شارى هەولێر كێشهی كهمی ئۆكسجین دروستبووه و بەوهۆیەوە ژیانى ژمارەیەکى زۆر لە توشبووان کەوتووەتە مهترسییهوه و نزیکەى 20 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەى رزگارى شارى هەولێر بە (تۆرى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، لە شەوى رابردووەوە نزیکەی ١٢ کاتژمێر دەبێت، لە نەخۆشخانەی ڕزگاری ئۆکسجینی دەستکرد نەماوە و دۆخی تووشبووانیش لە ڕەوشێکی خراپدان.
وتیشى، لە شەوەوە تائیستا نزیکەی ٢٠ تووشبوو بەھۆی نەمانی ئۆکسجینی دەستکرد، گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، دۆخی تووشبووان خراپە و ھیچ ئۆکسجینێک لە نەخۆشخانەی ڕزگاری نەماوە ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر ڕەوشی تەندروستی تووشبووان دروستکردووە.
نەخۆشخانەی ڕزگاری تایبەتە بەو نەخۆشانەی کە دۆخییان خراپە و پێویستییان بە ئۆکسجین ھەیە، بەڵام، لە دوێنێ شەوەوە ھیچ ئۆکسجینێک نەماوە.