ئێران جارێکی تر باس لەناوبژیوانی وڵاتەکەی و سعودیە دەکات

  2020-07-31  | 
سەردانەی ئەم دواییەی مستەفا کازمی بۆ ئێران
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی ئێران راستی و دروستی ناوبژیوانی نێوان وڵاتەکەی و سعودیەی ئاشکراکرد، لە کاتی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران.

ئەمیر موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "ئەوەی لە نێوان سعودیە و ئێراندا هەیە لێتێنەگیشتنە، هۆکارەکەشی هەندێک دەوڵەتە، چونکە لایەنی لێکچوو لە نێوان سعودیە و ئێراندا گەلێک زۆرە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی "لەکاتی سەردانەکەی مستەفا  کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق  بۆ تاران، هیچ گفتوگۆیەک نەکراوە سەبارەت بە ناوبژیوانی لەنێوان ئێران و سعودیەدا".

موسەوی ئاماژەی بەوەشکرد، بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لەناوچەکەدا، هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبن، بۆیە ئێران باوەڕی بە ڕێزگرتن لە یاسا و مافە نێودەوڵەتییەکانە، بەپێویستیشی دەزانێت ناکۆکییەکان بەڕێگەچارەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت و دەشیەوێت  ئاشتی لەناوچەکەدا بەرقەرار ببێت، چونکە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوویاتیکردەوە، ئێران ئامادەیی بەردەوامی خۆی دەردەبڕێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا لەوانەش سعودیە، جا لەڕێگەی ناوبژیوانییەوە بێت یان بێ ناوبژیوانی.

لە کۆتایی وتەکانیدا موسەوی جەختیکردەوە، وڵاتەکەی دەیەوێت ئاڵۆزیەکان نەهێڵێت و چارەسەری ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتنەکان بکات لەگەڵ سەرجەم دەوڵەتاندا، بە تایبەت وڵاتانی ئیسلامی، چونکە پێی وایە ناکۆکییەکان تەنها دوژمنان و ئیسرائیل سودی لێ دەبینن.

 مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی ٢١ ئەم مانگە بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی سەردانی تارانی کرد، وەک یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لەوەتەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە .

لەکاتی سەردانەکەی کازمی بۆ تاران، قسە و لێکدانەوەی زۆر کرا، کە گوایە کازمی بۆ ناوبژیوانی نێوان سعودیە و ئێران هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ، یەکێکیش لە ئەجەندای سەردانەکەی بۆ تاران ئەوە بووە.



ڕیکلام