"بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی كازمی دەبێت پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە"

  2020-08-01  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرایدەكات سەرۆك وەیزرانی عێراق تەنها كاتی هەڵبژاردنی دیاریكردووە و بڕیاری نەداوە، بۆ بڕیاردان پێویستە پەرلەمان هەڵبوەشیتەوە، ئەو وادەیەی كازمی ئاشكراشی كردووە چەندین كێشەی تەكنیكی لەبەردەمدایە.


ئێوارەی دوێنێ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند كە ئەوان رۆژی 6ی حوزەیرانی 2021یان دیاریكردووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی تیادا ئەنجام بدرێت، ئەوەش بە یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی حكومەتەكەی دیاریكراوە كە لەسەر داخوازی خۆپیشاندەران ئەو خاڵە لە كارنامەكەیدا جێگیر كرابوو. 

لەو بارەیەوە شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی سەوز، رایگەیاند ئەوەی كازمی كردویەتی بڕیاردان نیە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڵكو دیاریكردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە. 

ئەو پەرلەمانتارە كوردە بۆ  (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی روونكردەوە، ئەو بڕیارەی كازمی هەندێك كێشەی تەكنیكی و یاسایی و سیاسی لەبەردەمدایە كە ئەگەری ئەوە دروست دەكات وادەكەی بگۆڕێت. 

پێشتر لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2019 كۆشكی سپی ئەمریكا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە عێراق كرد و هەروەها میلیشیاكان و لایەنە سیاسیەكانی سەر بە ئێرانیشی بە دزینی داهاتی عێراق و سەركوتكردنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار كرد بوو، بەڵام لەداوی ئەو داوایەی كۆشكی سپی عێراق چەند كاندیدێكی سەرۆك وەیزرانی رەتكردەوە و لە كۆتایدا كازمی كرایە سەرۆك وەزیران و دوێنێ ئێوارەش وادەی جێبەجێكردنی ئەو داخوازیەی ئەمریكا و مەرجەعیەتی شیعەكانی عێراقی راگەیاند.

پەرلەمانتارە كوردەكە كێشەكانی بەردەم ئەو بڕیارەی شیكردەوە وتی، لە ئێستادا بڕیارەكە كە رێك بە دیاریكراوی دوای ماوەی ساڵێكە لە دەنگدان بە تەواو كاری كابینەكەی كازمی كە یەكێك لە بەرنامەكانی كاری حكومەتەكەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بووە، كە ئەوەش داواكاری خۆپیشاندەران بووە و بۆ ئەو بڕیارەش رەزامەندی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان وەرگیراوە، بەڵام كێشەی تەكنیكی و یاسایی لەبەردەمدا ماوە. 

میرزا ئەوەشی روونكردەوە رۆژی 6ی حوزەیران وادەی تاقیكردنەوەكانە كە لە رووی تەكنیكیەوە كێشە بۆ هەڵبژاردنەكان دروست دەكات، گەرمی كەشوهەوا لەو كاتەشدا بۆخۆی هۆكارێكی دیكە دەبێت بۆ ئەوەی خەڵكێكی كەم بەشداری هەڵبژاردن بكەن. 

دوای بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند "خۆشحاڵین بە داوای مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 6ی حوزەیرانی 2012دا و هەڵبژاردنی پێشوەختە خواستی سەرەكی گەلە، لەسەر رێگای سەقامگیری و دیموكراتی لە عێراقدا."

پەرلەمانتارە كوردەكە باسی لە كێشەكانی بەردەم ئەو بڕیارەی كازمی دەكات و دڵێت:  كۆمسیۆن نوێیە و پێویستیشە بۆ بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یان یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داوا بكەن پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و دواتر زۆرینەی دەنگ بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات، یان ئەوەی هەریەكە لە سەرۆك وەزیران و سەرۆكی كۆمار پێكەوە داوا بكەن پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

ئەو لەبارەی كێشە سیاسیەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاشكرایدەكات لەبەر ئەوەی بڕیارەكە بڕیاری مەرجەعیەتی باڵای شیعەكانە لەوانەیە هیچ لایەنێكی سیاسی بە ئاشكرا نەتوانێت دژی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوەستێتەوە، بەڵام لێرە و لەوێ بەهانە دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە دوابخرێت بۆ ئەوەش باس لە كێشە یاسایی و تەكنیكیەكانی بەردەم بڕیارەكە دەبەستن. 

فراكسیۆنە كوردستانیەكانی پەرلەمانی عێراق، لە رۆژی 24ی كانونی یەكەمی 2019دا بەهۆی ماددەكانی 15 و 16ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی پەرلەمانیان بایكۆت كرد و رایانگەیاند ئەو مادە یاساییانە لە بەرژەوەندی كوردنیە و دژی وەستانەوە ویاساکە بە بێ ئامادەبوونی کورد پەسەندکرا، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانیەکان رایانگەیاند، پەسەندكردنی ئەم مادانە بەو جۆرەی هەبوو، بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامندرێت، چونكە دەیان كێشەی هونەری بۆ كۆمسیۆن دروست دەكات. بەهۆی ئەم یاسایەوە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان كورسی و دەنگی زۆر لەدەست دەدات، چونكە كورد لە هیچ قەزایەكی ناوچەكانی كەركوك و موسڵ و دیالە و سەڵاحەدین زۆرینە نیە.

ئاماژەشیان بەوەكردبوو ماددەی 15 وادەكات زیاتر روحی عەشیرەتگەری و خێڵ زیاتر بێت و دەیان قەزا هەیە لە باشور و ناوەڕاستی عێراق كە عەشیرەتێك تێیدا باڵا دەستە و لەئەنجامدا كەسانی سەر بەو عەشیرەتە دەردەچن. نزیكەی 70 قەزاش لە عێراقدا سنوری جوگرافیان دیار نیە بۆیە دەبێتە كێشەیەكی هونەری بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان. 

فراكسیۆنە كوردستانیەكان داوایانكردبوو دەنگدان لەسەر ئاستی قەزاكان بێت ئاساییە، بەڵام پێویستە ئەژماركردنی دەنگەكان لەسەر ئاستی پارێزگا كۆبكرێتەوە و كێ زۆرترینی هێنابوو بە براوە دابنرێت، بەڵام بەپێی مادەی 15 هەركەس لەسەر ئاستی قەزا زۆرینەی هێنا بەبراوە ئەژمار دەكرێت.

شیروان میرزا لەبارەی چارەنسوی كورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڵێت: كورد كێشەی لەگەڵ بڕیارەكە نیە، بەڵام كورد كێشەی لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنەكان هەیە كە لە كاتی خۆیدا كورد دژی وەستایەوە لەبەر ئەوەی زیانێكی زۆر دەكات لە ناوچە دابڕێندراوەكان دەنگی كورد كەمدەكاتەوە، ئەگەرنا بەو هۆكارە نەبێت كورد پێناچێت دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت لە عێراق.