یەکێتى ئەوروپا فەندی یەک ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە خوێندنى باڵاى هەرێم دەکات

  2020-08-03  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەمەبەستى ئەنجامدانى مەشق و ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ژمارەیەک زانکۆى هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى دڵنیایى جۆرى و حوکمڕانى لە پرۆسەى بۆلۆنیا، یەکێتى ئەوروپا فەندى یەک ملیۆن یۆرۆ دەداتە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان .

فەندەکە لە ڕێگەى بەرنامەی ئیراسمۆس پڵەس CBHE,KA2 پرۆژەی دیاریکردن (APPRAISAL) دەبێت، کە بریتییە لە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتى خوێندنى باڵا و هەشت زانکۆی هەرێمى کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ لە بوارەکانى دڵنیایی جۆری و حوکمڕانی لە پرۆسەی بۆڵۆنیا .

سەنتەری ئیڕاسمۆس پڵەس لە زانکۆى دهۆک دەستپێشخەری پڕۆژەکەى کردوەو دواتریش لە ساڵى پار بەرزکراوەتەوە بۆ دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەت. بۆ ئەمەش هەریەک لە دەزگای سەرپەرشتی ودڵنیایی جۆری و زانکۆی دهۆک و سەنتەری ئیراسمۆس پڵەس و یونیمێدی ئیتاڵی لەنزیکەوە کاریان کرد لەسەر پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵێکی سەرکەوتو بۆ پرۆژەکە .

سەرەنجام ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنى (فەندەکە) بۆ پرۆپۆزەڵی دیاریکردن (APPRAISAL ) کە بودجەکەى لەلایەن یەکێتی ئەوروپا تەرخانکراوە، هەروەها یونیمێدی ئیتاڵی لایەنی سەرەکی و هەماهەنگی پڕۆژەکەیە لە ئەوروپا .

لەو چوارچێوەیەشدا د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایى و دەستخۆشى لە لایەنە بەشدارەکانى ئەم پرۆژەیە کرد، بەتایبەت دەستپێشخەرى زانکۆى دهۆک لەگەڵ دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى بۆ سەرکەوتنى پرۆژەکە و وەرگرتنى فەندى یەکێتى ئەوروپا بۆ سود و بەرژەوەندى فەرمانبەران و بەرزکردنەوەى توانا مرۆییەکانى نێو وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان .

جەختیشى کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەردەوام دەبێت بۆ هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستى دابینکردنى فەند لە بوارى جیا جیا بۆ دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لە بوارەکانى توێژینەوەو مەشق و ڕاهێنان و جێبەجێکردنى بەرنامە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆکانى کوردستان .

جێگەى ئاماژەیە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان یەکێک لەو١٦٤فەندەى بۆ دەرچوە کە بۆ وڵاتانى جیهان تەرخانکراوە، لە ئێستاشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا چاوەڕوانى دەستپێکردنى قۆناغى یەکەمى پرۆژەکە دەکات لە (٢٠٢٠/١٠/١٥)، زانکۆ بەشدارەکان لەم پرۆژەیە بریتین لە زانکۆکانی، (دهۆک، زاخۆ، پۆلیتەکنیکی دهۆک، سەڵاحەددین، سلێمانی، هەڵەبجه، چەرمو، گەرمیان).



ڕیکلام