لیژنەی تەندروستی پەرلەمان: سكاڵای كارمەندانی نەخۆشخانەی رزگاری دەگەیەنین

  2020-08-10  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری بە لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی راگەیاندووە ئەو پارەیەی لە نەخۆشخانەكە دابەشكراوە تەنها 100 كارمەندی گرتووەتەوە، لیژنەی تەندروستی پەرلەمانیش رایگەیاند ئەو دۆسیەیە دەگەیەننە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

لوقمان وەردی و شایان عەسكەری ئەندامانی لیژنەی تەندروستی سەردانی گردبوونەوەی كارمەندانی نەخۆشخانەی رزگاریان لە شاری هەولێر كرد و دواتر لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە كۆبوونەوە. 

لوقمان وەردی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو پارەیەی دابەشكراوە بە دانپێدانانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری تەنها 100 كارمەندی گرتووەتەوە. 

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: ئێمە گوێمان لە كارمەندانی نەخۆشخانەكە گرت و داواكاریەكەیان دەگەیەنینە سەرۆكایەتی پەرلەمان و داكۆكی لەو دۆسیەیە دەكەین. 

وەردی وتیشی: لە هیچ كەسێك قبوڵ ناكرێت زمانی زبر بەرامبەر بە كارمەندانی نەخۆشخانەكە بەكار بهێنێت و دەبێت مافی ئەو كارمەندانە بدرێت. 

باسی لەوەشكرد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە پێیوتوون ئەو كارمەندانەش هەقی خۆیانە ئەو پاداشتە وەربگرن، بەهۆی ئەوەی بەركەوتنیان هەیە لەگەڵ نەخۆشەكاندا. 

بەگوێرەی وتەی ئەو كارمەندە مانگرتووانە تەندروستی شارەكە بەڵێنی پێداون بڕێك پارەیان بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی هەقی خۆیان بۆ بگەڕێندرێتەوە. 

بەهۆی ئەوەی 50 هەزار دۆلار لەلایەن سەرۆكایەتی حكومەتەوە بۆ كارمەندانی نەخۆشخانەی رزگاری وەك پاداشت تەرخانكرا، ئەوەش بە سەر 100 كارمەندی نەخۆشخانەكە دابەشكرا بە وتەی كارمەندانی مانگرتوو بۆ دابەشكردنی ئەو پارەیە پشت بە نزیكی سیاسی و خزمایەتی بەستراوە. 


ڕیکلام