ئافات

  2020-08-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

                          
 ( بۆ دەستی ئازاد سوبحی )

لەدرزی دەستەکانتەوە دەبینم 
دەتەوێ لەباخچەکەی باوکتەوە 
رۆژە وەرزی رەنگاو رەنگ بچنی 
دەتەوێ دەرفەتێک وەرگری بۆ گەڕانەوە 
کەمێک دوور کەویتەوە لەو قسە باوانەی کە زاکیرەی مناڵیت دەخنکێنێ   
من حەوت شەو جارێک لەگەڵ کتێبێکتا سەفەر دەکەم
وەک مناڵێکی بەدفەڕ لەحزەکانت کۆدەکەمەوە 
تکایە بمبەوە سەر رێِگایەک 
دابەشم بکاتەوە سەر دوورێیانی گریان و پێکەنین
لەو رۆژەوەی باوکم مردووە
دایکم گرمۆڵە بووە و قسەیەکی بۆنەکردووم
ھیچ نەبێ دەستم بەرێ دەنگم ناتگاتێ 
لەترسی کورد تۆنی دەنگم گۆڕاوە
شەو نییە کەسێک لەگۆڕستانەوە زەنگم بۆ لێنەدا 
حەسرەتم بۆ خوێنی کاڵی ھاوڕێکانم و 
شادەماری گرژ و ئاوساوی دوژمنەکانم زیاترە  
لەو دونیایەی کەلێم بۆتە ھەنجیرێکی رزیو   
خەڵک رۆژانی ھەفتە شەویلاگەیان کەف دەگرێ و
ئێوارانی ھەینیش دەیانبینم ماندەگرن
دەستێک دەستێکی تر دەشکێنێتەوە  
رەنگە تۆ نەیانبینی 
تکایە بەو چاویلکانەوە مەڕوانە
کە تەنھا کەتانی تەنک و قەدیفەی نەرم دەبینێ
وەرە دەرێ و تەماشای ھێرشی کوللە بکە 
ئەوانەی کە لەپاش شاکوللەی وشکە ساڵیەوە رێدەکەن
شەوان کوپە زێڕ دەژمێرن و
بەرۆژیش شیعر دەنووسن
تەماشای روخساری تێکچڕژاوی ئەو حەشاماتە بکە چۆن لەیەکتر دەچن
وەختێک ماندوون و دەیانەوێ لەژێر سێبەری خۆیاندا پشوویەک بدەن 
کەس ناتوانێ لەقسەی باو دوور بکەوێتەوە
وەکو تەمبەڵێک بەیەکتر دەڵێن لاچۆ لەبەر سێبەرەکەم 
باو باوی دەست شکانەوەیە 
نەورەسە سپییەکان دەچریکێنن تۆفان ھات 
مەلەوانەکان ھاوار دەکەن زریان ھات 
خوشکە رەشپۆشەکانشم دەقیژێنن ئافات ھات 
سوڵتانیش چاوقایمانە  لەسەر زگی نیشتمان راکشاوە 
سەری لەئێمە شێواندووە
شقارتەیەکم بەرێ با ئاگرێک بکەمەوە 
بۆ ئەو کەسانەی لەسەر پشتی تراویلکە راکشاون
توڕە بونێکی خۆتم بەرێ بۆ ئەو حەشاماتەی 
کە ناوێرن بەدیار ئەم شەپۆلە توڕانەوە 
مۆزیک بژەنن
وڕینەیەکی خۆتم بەرێ بۆ ئەو رەشەبا توڕەیەی 
وەختێک خۆی دەکێشێ بەدار تەلێکدا و چۆلەکەیەک دەکوژێت 
گۆرانییەکی حوسێن عەلی بڵێ بۆ ئەو ژنانەی 
ئەسکەمیلی مێردەکانیان لەنێو قوڕدا دەچەقێنن 
کاتێک لەبازاڕ دێنەوە مشتێک گڵەسەریان بەدیاری بۆ دەھێنن 
لەتەنیایی خۆتەوە قسەیەکیش بۆ تەنیایی من بکە 
ئەو کاتەی بیر لەجوانێک دەکەیتەوە کە لەکونی دەرگاکانەوە 
تەماشای تەنیایی خۆی دەکات 
تۆ جارێک تامی شیلاوی کانییەکت کرد 
روبارێکت لەدەستدا 
دەستت بۆ رەزێک برد 
لەتەمەنی ترێت کەم کردەوە 
بیرت لەتۆڵە سەندن کردەوە 
تەنیایی لەنێو دوکەڵی جگەرە و شوشەی شەرابدا غەیبی کردی 
بیرمە جارێکیان گوتت 
ئەو کەسانەی لەدوای بێدەنگ بوونی منەوە 
نەمەست بوون و نە گریان 
ناوێرن دارشەق و بەرماڵەکانیان 
لەژێر دارێکی وشک ھەڵاتوو فرێبدەن
لەترسی ئەوەی بزربن 
ئەو کەسانەی خەجاڵەتی ناکێشن بەرامبەر دڵۆپێک ئاونگ 
وەختێک لەسەر سینگی گەڵایەکی رزیو دەخزێ
لەگغ و گاڵی مناڵێکی لاڵ خەمناکترە 
وەختێک پرسیار دەکەن و دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکەنەوە  
چەند شایەتێکی ترسنۆک لەسوچی کۆڵانێکدا راوەستاون و 
دیکۆمنێتەکانیان لەباخەڵ ناوە و ھیچ نادرکێنن 
حەوت شەو جارێک سەردانی نیشتیمان دەکە ن و 
عابایەکی رەشیان داوە بەسەر خەڵکدا 
ئەو شەوانەی کە زاھید و عاریف 
گێل و جاھیل پێکەوە رەسم دەگرن 
لەگەڵ نەفامێکیشدا خۆیان دەکەن بە خوا
***********
دەستم بەرێ و لەکەلی شەیتان وەرە خوارێ 
وەک ناچی بۆ سلێمانی و ھەولێر 
وەرە بابچین بۆ کەرکوک 
لەدوورەوە بۆنی عەتری مناڵیمان بکەین 
لەو رۆژەوەی لەتەپە پاشقولیان لێگرتووم 
پاسکیلەکەم بزر کردووە 
ھەرزەکاریم بەپێڵاوێکی لاستیکی و کراسێکی شڕەوە 
دەبەم بۆ بەردەم خانەقا 
تۆش وەرە پیاسەیەکی ئازادی بکە 
منیش سمکۆڵان دەکەم بۆ خاسە 
یارمەتیم بدە باسەعاتی سفری گریان دەست پێنەکاتەوە 
جوتێک خوشکی بێ ئەمەک 
وێنەی ئێمەیان لەجانتاکەیان ھەڵگرتووە 
بەچەکوچ بەربوونەتە جەستەمان 
من خەریکم پارچە شکاوەکانی خۆم کۆدەکەمەوە
تۆش بەدارشەقەکەتەوە سەرێکی یانەکەی جاران بدە 
باھاوڕێکانیشت ھەر خەریکی ئەوەبن 
پولەکەیەک لەکراسی شاژنەکانی سوڵتان بکەنەوە و 
بیخەنە دەفتەر شیعری کچەکانیانەوە  
تاجی سەری سوڵتان ماچ بکەن و بیخەنە دۆڵابی کوڕەکانیانەوە 
بیر لەچی دەکەیتەوە
ئەرێ زانیوتە کەسێک ھەبێ لەژوورەکەی خۆیدا 
بیری لەخەساندنی خۆی نەکردبێتەوە
کەسێکت بینیوە لەنێو حەوشەکەی خۆیدا 
تەماشای بەرزی دیواری نەکردبێت 
کەسێک ھەیە لەقرچەی نیوەڕۆی ھاویندا 
لەسەربانی خۆی نەخەوتبێت 
چەند کەست بینیوە 
لەوێستگەیەکدا پێکەوە گۆرانی بڵێن
بۆگوێ ناگری لەو قەلەڕەشانەی دەقیڕێنن قیامەت ھات 
لەو شوانە بێ کەپنەکانەی ھاوار دەکەن بورکان ھات 
لەخوشکە رەشپۆشەکانم کە فیزاح دەکەن مەرگ ھات 
من خەریکم رۆژەکانی تۆ دەنووسمەوە بۆ وەرزەکان 
بۆ ئەوانەی کەناتوانن دارەڕای کەپرێک بکەن
کەچی تازیە بۆنیشتمان دادەنێن
نیشتمانێک کە لەدوورەوە لەکچێکی ئەفسوناوی دەچێ   
لەنزیکیشەوە قەیرەیەکی سەماکەر و رووت و بێ حەیایە  
چاوی رەش و شین و مەڕی ئەبڵەق دەکا
ئەو چاوانەی وادەزانن ئەگەر کوێربن و گۆچان بەدەستەوە نەگرن 
سۆفییەک ھەیە دەستیان دەگرێ 
پێخاوس بن و پێڵاو لەپێ نەکەن 
شێخێک ھەیە قالییان بۆڕا دەخا 
گەر بۆنی دارگوێز نەکەن 
شاژنی سوڵتان لێوی پێ سوور دەکا 
گەر تەماشای سیحری تاڤگەیەک نەکەن 
زەلکاو زۆربەیان لەقوڕگی خۆیدا نوقم دەکا 
گەر لەھەر لەحزەیەکدا ئاڵایەک ھەڵدەن 
سرودێک بنووسنەوە و بیدەنە مناڵەکانیان
نیشتیمانیان ھەیە 
*************
دەستم بەرێ برا 
گرەو لەسەر روحی خۆم دەکەم 
تەنیایی دەعبایەکی ترسناکە و ھیچ تابلۆیەکی نەبینیوە
وڕکی لە چاویلکەکەی تۆ گرتووە
بونەوەرێکی ترسناک لەپێش مەسیحەوە نەفرەتی لێکراوە
تەماشای ئەو دێوە زمیە مەکە لەنێو کتێبەکانت خەوتووە 
شیعرێک بنووسە بریتی تیا نەبێ 
بریتی لەگەڵ مەیتەرێکا دەخەوێ 
جگە لەمردووەکان لەگەڵ کەسێکی تر قوماری نەکردووە  
دەمەوێ بەردەوام بم لەگەڵتا 
ھەنیەی خۆم 
فرمێسکی خۆم 
لوێچێ لەخوێنی خۆم 
لەسەر دەستی نیوتن لەیەکتر جیاکەمەوە
لەبەرچاوی تۆ 
باسکی خۆم 
پەنجەکانی خۆم 
لاقی خۆم 
لەسەر دەستی فیساگۆرس پێکەوە کۆ دەکەمەوە 
تۆش لەدەفتەری ماتماتیکی مناڵێکدا بۆ مامۆستای بنووسەوە 
ئەو دەفتەرانە بدڕێنە کە پێرستەکەی پڕە لەئافات 
ژمارەکانیشی بەشەڕدە
ئەو دەفتەرانە بسووتێنە 
کە لەدەفتەرچەکی دەوڵەمەندێکی ترسنۆک و چاوچنۆک دەچێ
ئەو ژمارە کۆنانە بخەرە چوارچێوەیەکی زیوینەوە  
کە لەدەست ژمارە ناحەزەکانی ماتماتیک رادەکەن 
حیکمەتی ئەم ئافاتە 
مەستێکی دیکەیە لەسەر دەستی تۆ تۆبە دەکا  

شیعری؛ سمکۆ ئەحمەد
   


ڕیکلام