سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی نرخی ئینتەرنێت لەعێراق گۆڕانکاری بەسەردا دێت

  2020-08-12  | 
خەڵک نیگەرانە لەخراپی خزمەتگوزارییەکانی تۆڕی ئینتەرنێت لەعێراقدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، لەسەرەتای مانگی داهاتووترەوە (تشرینی یەکەم) نرخی ئینتەرنێت گۆڕانکاریی بەسەر دێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەو بوارە بەردەوامە.

ئەرکان شەهاب وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانی شۆک بەردەوامە، تا ئەو کاتەی کۆتایی دەهێنێت بە دوینی کاتژمێرەکانی ئینتەرنێت.

وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بەنیازن بەشداربوونی ئەو کۆمپانیایانە هەڵوەشێننەوە کە خزمەتگوزارییەکی خاو و لاواز بۆ بەشداربوانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دابین دەکەن، بۆ ئەوەی پارەی زیاتر لەسەر هاوڵاتی نەکەوێت.

ئاشکراشیکرد، ئەو قەرزەی ژاپۆن کەپێشکەش بەعێراقی کردووە، ١٥٠ هەزار هێڵی ئەرزی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لەخۆ دەگرێت، بۆیە لە کۆتایی ئەمساڵەوە خزمەگوزاری ئینتەرنێت لە ١٥٠ هەزار ماڵی بەغدا لەناوچە جیاجیاکانی پایتەخت زۆر باشتر خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنن.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق جەختیکردەوە، کۆبوونەوەکیان لەگەڵ کۆمپانیاکان بەردەوامە، بەمەبەستی گۆڕانکاری لە نرخی ئینتەرنێتدا و بڕیارەکەش لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو هەوڵانەی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لەکاتێکدایە، زۆربەی بەشداربوانی هێڵەکانی ئینتەرنێت گلەییان هەیە لە خراپی خزمەتگوزارییەکان و خاوی هێڵەکانی بەشداربوان.



ڕیکلام