فەڕەنسا ئیدانەی هێرشەکانی تورکیای کرد لەعێراقدا

  2020-08-13  | 
بۆردومانەکانی تورکیا بۆ ناوخاکی هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی فەڕەنسا ئیدانەی هێرشەکەی تورکیای کرد، کە دوووئەفسەری هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقی تیا کوژرا لە سنوری ناحیەی سیدەکان.

وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی "فەڕەنسا ئیدانەی ئەو بەرەوپێشچوونە مەترسیدارە دەکات و دەبێت بەشێوەیەکی تەواو ڕوونبکرێتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەک چۆن جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە ١٦ی تەموزی ڕابردوودا لەبەغدا ڕایگەیاند "فەڕەنسا زۆر سورە لەسەر ڕێزکردنی تەواوەتی سەروەریی عێراق و ئیدانەی هەر پێشێلکارییەکی ئەو سەروەرییە دەکات".

ئەو ئیدانەکردنەی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لەکاتێکدایە، ماوەیەکە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و پاریس ئاڵۆزی تێکەوتووە، بە تایبەت فەڕەنسا ئیدانەی هەوڵەکانی تورکیا دەکات بۆ گەڕان بەدوای گازی سروشتیدا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەستوەردانی تورکیا لە لیبیادا.

هەر ئەمڕۆش فەڕەنسا لەڕێگەی دوو کەشتی جەنگی و چەند فڕۆکەیەکی جەنگی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەستی بە چالاکی کرد.



ڕیکلام