یەکەم بەرپرسی عێراق لەسەر بۆردومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا هاتە دەنگ

  2020-08-11  | 
حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ڕاشیگەیاند، دەستدرێژییەکان زیان دەگەیەنێت بە پەیوەندییە مێژوویەکانی نێوان هەردوو وڵات.

کەعبی بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی تورکیای کرد ، بە تایبەت ئەو هیڕشەی ئەمڕۆ کە ئوتۆمبێلێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کوژرانی دوو ئەفسەری باڵای ئەو هێزانە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان داواشی لەحکومەت کردووە، باڵیۆزی تورکیا لەبەغدا بانگهێشت بکرێت و نامەیەکی توندی ناڕەزایی ڕادەست بکرێت.

دووپاتیشیکردەوە، دووبارەبوونەوەی هێرش و پێشێلکارییەکانی تورکیا، سوکایەتی و پێشێلکارییە بۆ سەرجەم بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، دەستوەردانی بەپەلە بکات، بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکاریە دووبارانەی تورکیا و جەختکردنەوە لە ڕێزگرتنی بنەماکانی هاوسێیەتی.

ئەمڕۆ لەهێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا لەدەوروبەری قەزای سیدەکانی سەربە پارێزگای هەولێر بۆسەر کۆبوونەوەیەکی هێزەکانی پاسەوانی سنور و گەریلاکانی پەکەکە لەسنورەکە، کوژرانی فەرماندەی لیوای دووی هێزەکانی ناوچەی یەکەمی پاسەوانی سنور و فەرماندەی فەوجی سێ لە لیوای دووی پاسەوانی سنور و شۆفێریی ئۆتۆمبێلەکەی لێکەوتەوە.



ڕیکلام