عێراق باڵیۆزی تورکیای بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی ڕادەستکرد

  2020-08-12  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، فاتیح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لەبەغدای بانگهێشت کردووە و یاداشتێکی ناڕەزایی ڕادەستکردووە، سەبارەت بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا بۆناو خاکی عێراق.

لەبەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند "باڵیۆزی تورکیای لەبەغدا بانگهێشتکردووە و یاداشتێکی ناڕەزایی ڕادەستکردووە، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق و بەتایبەت، ئەو بۆردومانەی دوێنێی ناوچەی سیدەکان، کە بووە هۆی شەهیدکردنی دوو ئەفسەر و سەربازێکی سوپای عێراق".

لە یاداستەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئۆباڵی هێرشەکەی دوێنێی خستووەت ئەستۆی تورکیا و داواشی لێکردووە، ڕوونکردنەوەی پێویستیان بداتێ سەبارەت بە ڕوداوەکە و لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەستدریژییەکەیان ئەنجامداوە.

داواشی لە تورکیا کردووە، دەستبەجێ بۆردومانەکانی ڕابگرێت و سەرجەم هێزەکانیشی لەناوخاکی عێراقدا بکشێنێتەوە.

دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی تورکیا دوژمنکارانەیە و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە.

هەر لەچوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی عێراق، بەغدا سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیای بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە و سەرجەم پرۆگرامی سەردانەکانی دیکەی لێپرسراوە تورکییەکانی بۆ عێراق ڕاگرت.



ڕیکلام