چەخماخەی باکور

  2020-08-15  | 
دۆسیە:  پەکەکە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا، دەستەیەک گەنج بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان، لە زانکۆی ئەنقەرە لە پاڵ خوێندنەکەیان، سەرقاڵی گفتوگۆی چڕ بوون لەبارەی کێشەی کوردەوە، ئەو گەنجانە بە وردی سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بوون، لە جۆری سیستمی سیاسیی تورکیا، مێژووی کوردستان، هۆکارەکانی شکستی بزووتنەوە کوردییەکان و رۆڵی کورد خۆی لەو شکستانەدا بە دوای ئەو پرسیارانەدا عەوداڵ بوون کە بۆچی کورد خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆی نییە؟ چۆن مێژوو غەدری لێکردووە؟

لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا، دەستەیەک گەنج بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان، لە زانکۆی ئەنقەرە لە پاڵ خوێندنەکەیان، سەرقاڵی گفتوگۆی چڕ بوون لەبارەی کێشەی کوردەوە، ئەو گەنجانە بە وردی سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بوون، لە جۆری سیستمی سیاسیی تورکیا، مێژووی کوردستان، هۆکارەکانی شکستی بزووتنەوە کوردییەکان و رۆڵی کورد خۆی لەو شکستانەدا بە دوای ئەو پرسیارانەدا عەوداڵ بوون کە بۆچی کورد خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆی نییە؟ چۆن مێژوو غەدری لێکردووە؟

پاش ماوەیەک ئەو گەنجانە بڕیارندا بگەڕێنەوە بۆ کوردستان ودەست بە چالاکی سیاسی بکەن کە دواتر بە "ئاپۆچی" ناوبانگیان دەرکرد و بە خێرایی بوونە ناوێکی دیار بەهۆی سەرکوتکارییەکان و دۆخی چەپێنراوی سەربازی بەسەر کوردستاندا لەو کاتەدا لەلایەن خەڵک و بە تایبەت گەنجانەوە پێشوازییەکی بەرچاویان لێکرا ئاپۆچییەکان کاریان بۆ دروستکردنی تۆڕی رێکخستنی نهێنی دەکرد هەوڵیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی کورد دەدا ئاشنایان دەکردن بە مۆدێلێکی تری ئیدارە بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەت و پیاوەکانی لە بەرەنجامی ئەو خەباتەی کە چەند ساڵێک بوو دەستیان پێکردبوو.

لە ساڵی ١٩٧٨ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لە ئامەد دامەزراند پەکەکە لە سەرەتادا هەوڵەکانی بۆ کاری سیاسی، رێکخستن، پەروەردە، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری چڕکردەوە کاریگەری گەورەی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان لە باکور دروستکرد بەڵام کودەتای 1980  بەشێک لە ریسەکەی کردەوە بە خوری جەنەڕاڵ کەنعان ئەڤرەن ئیدارەی تورکیای گرتەدەست رێگری لە کاری هەموو هێز و رێکخراوەکان کرد چەند هەزار کەس لە ئەندامانی پەکەکەش زیندانیکران  پەکەکە خەباتەکەی گواستەوە بۆ دۆخێکی تر و شانە رێکخراوەکانی بۆ بەرەنگاریی دەوڵەتی تورکیا ئامادە کرد.

پەنای برد بۆ هەڵگرتنی چەک و هێزێکی بە ناوی هێزی رزگاریی کوردستان بە فەرماندەیی مەعسوم کۆرکوماز ناسراو بە "عەگید"  دروستکرد لە 15 ئابی 1984 لە ناوچەی دهێ و ئەروح و شەمزینان لە باکوری کوردستان شەڕی چەکداریی لە دژی دەوڵەتی تورکیا دەستپێکرد.

هەر زوو راگەیاندنی گروپی چەکداری کوردی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەت دەنگدانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و کاردانەوەی توندی دەوڵەتی تورکیاشی لێکەوتەوە لە ڕێگەی دەزگا جیاوازەکانەوە هەوڵەکانی بۆ کۆتایهێنان بە پەکەکە چڕکردەوە پەکەکەش سەرۆک خێڵ و بەرپرسە عەشاییەرییەکانی لایەنگری دەوڵەتی دەکردە ئامانج گورزێکی گەورەی لە خێڵە چەکدارەکانی دەوڵەت وەشاند کە لەو کاتەدا ژمارەیەکی بەرچاوی کورد خزمەتی سیاسەتەکانی دەوڵەتیان دەکرد و دەوڵەت بەبێ ئەوان نەیدەتوانی بەسەر کوردستاندا فەرمانڕەوایی بکات.

کاتێک لە ساڵی 1986 عەگید فەرماندەی ئەفسانەیی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە چیای گابار شەهید بوو پەکەکە بڕیاریدا بەرەکانی شەڕ بەرفراوانتر بکات بۆ ئەوەش ئارتەشی رزگاریی گەلی کوردستان (ئارگەکە) و هاوکات بەرەیەکی سیاسیی بە ناوی بەرەی رزگاریی گەلی کوردستان (ئەڕنەکە) دروستکرد تاوەکو وایلێهات لەگەڵ راپەڕینەکەی بەهاری 1991 لە باشووری کوردستان گەلی کوردیش لە باکوور بە رادەیەک بوژایەوە راپەڕینی سەرتاسەرییان لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان بەرپا کرد ژمارەی هێزەکانی گەریلا بۆ چەند بەرمبەر زیادی کرد.

لە سەرەتای نەوەدەکان قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە دەستپێدەکات بەردەوامیی شەڕ و کۆتایی نەهاتن بە پەکەکە وایکرد تورگوت ئۆزال سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا لە سەرەتای ١٩٩٠کاندا لە رێگەی مام جەلال و ئەحمەد تورکەوە پەیوەندیی بە پەکەکەوە بکات و لە ئەنجامی چەند دانوستانێکدا عەبدوڵا ئۆجەلان لە ١٩٩٣ ئاگربەستی راگەیاند، بەڵام دوای ماوەیەک کەسێک بە ناوی شەمدین ساکیک لە ناو پەکەکەدا بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەندی بڕیاری پەکەکە هێرشی کردە سەر ژمارەیەک سەربازی سوپای تورک لە پارێزگای بینگۆلی باکوری کوردستان و 33 سەربازیان کوشت.

ئەوەش دۆخی ئاشتەوای تێکدا جەنگیز چاندار لە کتێبی شەندۆفێری میزۆپۆتامیادا نوسیویەتی "تاڵەبانی لەگەڵ ئۆجەلان لە کۆبوونەوەدا بووە کە هەواڵی ئەو هێرشە بە ئۆجەلان گەیشتووە و هەر چەند خولەک پاش ئەو هەواڵە جەمیل بایک دەچێتە کۆبوونەوەکە بە ئۆجەلان رادەگەیەنێت، کەس ئاگای لەو هێرشە نییە هەموویان ئەو هێرشەیان بە کارێکی خراپ و تێکدەرانە لێکدایەوە".

دوای هێرشەکەش دەزگاکانی دەوڵەت دەستیان بە پاکتاوکردنی ئەو کەسانە کرد کە هەماهەنگیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکرد تورگوت ئۆزال سەرۆک کۆماری تورکیا دوای ماوەیەک کۆچی دوایی کرد لەو کاتەدا ئۆجەلان رایگەیاندبوو، ئۆزالیان کوشتووە ئێستاش بەڵگەکان سەلمێنەری ئەوەن کە ئۆزال ژەهرخواردکراوە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەستداوە هەریەک لە جەنەراڵ ئەشرەف بەدلیسی، بەختیار ئایدن، ردوان ئۆزدەن، کە لە تیمەکەی ئۆزال دا بوون و لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورددا بوون کوژران.

لە ساڵی 1996 کاتێک نەجمەدین ئەربەکان سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو دانوستانەکان لەگەڵ پەکەکە دەستیان پێکردەوە بەڵام حکومەتەکەی ئەربەکان ساڵی 1997 لە رێگەی کودەتایەکی پۆست مۆدێڕنەوە روخێنرا ساڵی 1999ش دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاریی چەندین دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری جۆراجۆر ئۆجەلانیان لە لە کینیا دەستگیرکرد.

سوپای تورکیا بەهۆی شەڕی پەکەکەوە کەوتووە ژێر پرسیاری زۆرەوە چونکە بە درێژایی تەمەنی خۆی تەنها دوو ئۆپەراسیۆنی دژ بە هاوڵاتیانی خۆی و پەکەکە نەبووە ئەوەش لە مێژووی سوپای هیچ وڵاتێک تردا هاوشێوەی نییە سەرباری ئەوەی ساڵانە خەرجییەکی زۆر لە بودجەی گشتییدا بۆ شەڕ خەرج دەکرێت کە بەپێی ئامارەکان تەنها لە ساڵانی 1990 کانداهەر ساڵێک دەوڵەتی تورکیا 8 تا 12 ملیار دۆلاری بۆ شەڕی پەکەکە خەرجکردووە.

ئێستاش سەرباری ئەوەی تورکیا یەکێکە لە وڵاتانی جی 20 و20 وڵاتە ئابوورییە گەورەکەی جیهان بەڵام بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ پەکەکە لە ساڵی 2015ەوە، ئابوریی وڵاتەکە بەرەو داڕمان دەڕوات بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار و یورۆ بە ئەندازەیەکی زۆر دابەزیوە بێکاری زۆر زیادی کردووە تەنانەت ئەردۆغان لە کاتی بانگەشەی دواین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا وتی "پارەیەکی زۆر بۆ شەڕ خەرج دەکەین، ئێوە نازانن گولـلەیەک چەند پارەی دەوێت؟".

تاوەکو ئێستا پەکەکە بە گشتی ٨ ئاگربەستی بۆ راگرتنی شەڕ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد راگەیاندووە، بەڵام هیچیان ئەنجامیان نەبووە دوو لەو ئاگربەستانە لە 18 ساڵی رابردووی دەسەڵاتی ئەکەپەدا بووە یەکەمیان لەکاتی دانوستانەکانی ئۆسلۆ بوو کە بە ناوبژیوانی بەریتانیا و چەند رێکخراوێکی جیهانی بەڕێوەچوون  لە ساڵی 2009 تا 2011 بەردەوامیی هەبوودەوڵەتی تورکیاش دەستی بە سیاسەتی کرانەوەی کوردی کرد کە دواتر ناوەکەیان گۆڕی بۆ کرانەوەی دیموکراسی.

لە دوای بڵاوبوونەوە فایلێکی نهێنیی دانوستانەکانی ئۆسلۆ راگیران  لە 2013 گەڕێکی دیکەی ئاشتەوای پەکەکە و تورکیا بەڕێوەچوو کە بە پرۆسەی ئاشتیی ئیمراڵی دەناسرێت پەکەکەش لەو ماوەیەدا ئاگربەستی درێژخایەنی ڕاگەیاند تا 2015 بەردەوامیی هەبوو جۆرێک لە سەقامگیری و گەشەی ئابووری لە تورکیا هێنایەکایەوە بەڵام کاتێک ئاکەپە لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی 2015 دەنگ و کورسییەکانی کەمیکرد لە 24ی تەمموزی 2015 لە ساڵیادی رێککەوتنی لۆزان شەڕی پەکەکە و تورکیا دەستی پێکردەوە ٨ شاری باکوری کوردستانی تیادا خاپوور کرا، بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی باشوری کوردستانی لە  پێناودا داگیرکراوە.

ئەو جەنگە خوێناوییەی کە 36 ساڵە لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیادا دەستیپێکردەوە ئێستا لە لوتکەی توندی خۆیدایە بەڵام لەگەڵ درێژبوونەوەی ساڵانی جەنگەکەدا تا دێت ئەو بۆچوونە زیاتر دەبێت کە پێیانوایە ئەم کێشە گەورەیەی سەدە، بە ئاگر و ئاسن و ڕژانی خوێنی زیاتری کورد و تورک چارەسەر نابێت و دواجار هەر دەبێت لەسەر مێزی دانوستان کۆتایی بە جەنگ و ماڵوێرانی بهێنن و ئاشتی باڵبکێشێت بەسەر ناوچەکەدا.



ڕیکلام