وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٢٩٣ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ٧٦ کەسی دیکەش بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٥٧١ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
وەک لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لە پارێزگای هەولێر لەدوێنێوە تا ئەم کاتە ١١٥ کەس چاکبوونەتەوە و لە سلێمانی ٢٥ کەس و لە دهۆک ٣٩ کەس و لە کەرکوک ٢٥٥ کەس چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاشکرایکردووە، لەدوێنێوە ١٨هەزار و ٢٩٥ کەس پشکنیانی بۆ کراوە، بەو ژمارەیەش ژمارەی پشکنییەکان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٢٦٣ هەزار و ٦٥٠ پشکنین.
لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەعێراق بڵاوبووەتەوە، ١٧١هەزار و ٥٨٣ کەس تووشی پەتاکە بوون، لەو ژمارەیەش ١٢٢ هەزار و ٧٠٠ کەس چاکبوونەتەوە و ٥ هەزار و ٧٨٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.