درۆزنەکان هەموو شتێکیان دەستدەکەوێت

  2020-08-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕووداو و حیکایەتەکانی ئەم ڕۆمانە لە دەڤەر و گەڕەکی لویزە، یان گەڕەکی سیاسییە داماوەکانی. شوێنەکە، هەوارێکی جوان و نایابی بروکسلی پایتەختی یەکێتیی ئەوروپییە.

ژیان: كولتوور

ڕووداو و حیکایەتەکانی ئەم ڕۆمانە لە دەڤەر و گەڕەکی لویزە، یان گەڕەکی سیاسییە داماوەکانی. شوێنەکە، هەوارێکی جوان و نایابی بروکسلی پایتەختی یەکێتیی ئەوروپییە.
ئەم رۆمانە لە نووسینی عەلی بەدر و وەرگێڕانی شێرزاد هەینییە و ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. 

چیرۆکی ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردووی گەڕەکەکە کە ببووە پەناگەی سیاسییە داماوەکان. ئەوانەی بە کودەتای سەربازی، یان شۆڕشی میللی، یان بە سەرهڵدانەکانی جیهانی سێیەم لە پۆستەکانیان لادەدران و دەردەکران، هاتوونەتە لویز و تێدا نیشتەجێ دەبوون، ئیتر چەتە تایبەتییەکان و کۆمپانیاکانی پارە سپییکردنەوە، پارە دزراوەکانیان بۆ دەگواستنەوە، لەوێ بەو پارەیە جوان و شاهانە دەژین.

پاش شۆڕشەکانی عەرەبی، لویز دەبێتە هەواری زۆر لە سیاسی و وەزیرە عەرەبەکان، کۆمپانیاکانیش پارەیان بۆ دەگوازنەوە، لەوانە یەکێک لە وەزیرەکان یەک ملیۆن دۆلاری لە خەزینەی دەوڵەت دزیبوو، دوو گەنجی پەنابەر بەوە دەزانن، کۆشش دەکەن پارەکەی لێ بدزنەوە و بەسەر پەنابەرانی سوریی و عێراقیی دابەشیبکەنەوە، بەوەش دەبنە دوو پاڵەوانی ناودار، ئیتر ڕۆمانەکە ئەوە دەگێڕێتەوە، ئایا ئەوانە سەردەکەون یان نەخێر؟

بە دیوێکی دیکەدا رۆمانەکە ڕۆمانێکی گاڵتەئامێزە، پارادۆکس و ناکۆکی و سەرسامی زۆری تێدایە، لەسەر زەوییەکی تەڕی بەخلیسکەوە دەژین. لەوانە جەلال، کوڕێکی عێراقی رۆشنبیر بووە و هاوڕێیەتی مافیای ڕووسەکان دەکات، جۆرج مامۆستا داماوەکەی هەموو قسەیەکی بە مارکسەوە دەبەستێتەوە، ڕۆمانەکە پرسیاری زۆری کردووە: ئایا گۆڕانی سیاسیی لە وڵاتانی عەرەبی بەرەو ئازادی دەبات. چینە داماوە کەساسەکە چۆن دژایەتی رووناکبیری دەکەن، ئەوانەی داوای گۆڕان دەکەن کێن؟

لە ڕۆمانەکەدا وەڵامی ئەو پرسیارە چنگ خوێنەر دەکەوێت کە ئایا درۆزنەکان هەموو شتێکیان چنگ دەکەوێت.


ڕیکلام