دە نهێنی لە بارەی ڕۆمانی 'سەرکەشییەکانی ئالیس لە جیهانی سەیروسەمەرە'وە.

  2020-08-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان


نوسینی: ئۆلیفەر لانسلی
لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق

ئۆلیڤەر لانسلی نوسەرێکی داهێنەرایەوە و نووسەری دوو شانۆیە بە ناوەکانی (سەرکەشی لە جیهانی سەیروسەمەرە، سەرکەشییەکانی ئالیس لە ژێر زەوی) کە بیرۆکەی هەردوو شانۆگەرییەکەی لە ڕۆمانی 'سەرکەشییەکانی ئالیس لە جیهانی سەیروسەمەرە'ی لویس کارۆڵەوە وەرگرتووە. ئۆلیڤەر لەم نوسینەدا ١٠ نهێنیمان بۆ ئاشکرا دەکات لەبارەی ڕۆمانەکەی لویس کارۆڵەوە کە خوینەر پێیان ئاشنا نییە.

١. ئالیس لە کاراکتەرێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە بە ناوی 'ئالیس لیدێڵ'. ئالیسی ڕاستەقینە ئەگەرچی منداڵبووە وەک وێنەکان، بەڵام وەک وێنەکانی ناو کتێبەکە قژی زەرد نەبووە.

٢. ئەو درەختەی کە پێی دەگوترێت 'درەختی پشیلەی چێشێرەکە'، لە ناو باخچەکەی پشتی ماڵی ئالیسدابووە لە ئۆکسفۆرد.

٣. شۆربای 'کیسەڵە گاڵتەجاڕەکە' ڕاستییە. لە سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریادا خواردنێکی زۆر بەناوبانگ بووە. لە زۆر بەشی سەیری گۆلک دروست دەکرا، وەک مێشک و پەلەکان [خواردنێک بووە وەک سەروپێی. بەڵام تەنها شۆربا بووە، نەکراوە بە گیپە. و]

٤. لە پاش خوێندنەوەی 'سەرکەشییەکانی ئالیس لە جیهانی سەیروسەمەرە'، شاژنە ڤیکدتۆریا بە ئەندازەیەک ئەو کتێبەی خۆشویستووە، کە داوای لە نوسەر کردووە ڕەشنوسەکەی بە دیاری بدات بەو. کارۆڵیش دەفتەری تێبینییاکانی خۆی، کە ڕۆمانەکەشی تێدا نوسیبووەوە، بە دیاری داوە بە شاژنە ڤیکتۆریا.

٥. ناوی ئەو سێ خوشکەی کە لە چیرۆکی 'مشکە کوێرەکە'دا هەن (ئیلیس، لاسی، تیلی)، ناوی سێ خوشکە ڕاستەقینەکەی ئالیسە ڕاستەقینەکەبوون.

٦. لویس کارۆڵ گیرۆدەی نەخۆشییەکی دەماری بووە کە بووبووە هۆی ئەوەی وڕێنەی سەیر سەیر بکات و کاری کردبووە سەر بینینی قەبارەی شتەکانیش. ئەم نەخۆشییە وای لە کارۆڵ کربوو کە شتەکان لە قەبارەی خۆیان گەورەتر یاخود بچووکتر ببینێت. ئەمەش یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی ڕۆمانەکە. ئەم نەخۆشییە سەرەتا لەلایەن 'جۆن تۆد'ەوە دۆزرایەوە کە پزیشکێکی ئینگلیزی بوو. پاشان نەخۆشییەکە ناونرا 'دیاردەی ئالیس لە جیهانی سەیروسەمەرەAlice in Wonderland Syndrome. . هەروەها بە دیاردەی تۆدیش ناسراوەTodd‌s syndrome.

٧. ناوی ڕاستەقینەی لویس کارۆڵ، 'چارلیس لوتویگ دۆگسن'ە. لە ژیانی ڕاستەقینەدا ناوێکی دیکەی هەبووە. بەڵام کتێبەکانی لە ژێر ناوێکی دیکە بڵاوکردووەتەوە.

٨. لە ساڵی ١٩٣١ دا، خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە لە وڵاتی چین قەدەغەکرا. لەبەر ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا ئاژەڵەکان بە زمانی مرۆڤ قسە دەکەن. بەهانەی دەسەڵاتدارانی چین ئەوە بوو کە ئاژەڵ نابێت هەمان زمانی مرۆڤ بەکاربهێنێت.

٩. لە ساڵی ١٨٩٠ دا، لویس کارۆڵ چاپێکی تایبەتی لەم ڕۆمانە بڵاو کردەوە. بەڵام چاپێکی کورتکراوە بوو بۆ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ. لەو چاپە کەرتکراوەیەدا، بیست وێنە لەو وێنانەی کە لە تێکستە ئۆرجیناڵەکەدا بەکارهێنرابوون و لەلایەن شێوەکاری ئینگلیزی 'جۆن تینێڵ'ەوە کێشرابوون، لەم چاپە کەرتکراوەیەشدا بەکارهێنرانەوە. بەڵام وێنەکان کرابوون بە ڕەنگاوڕەنگ و لە قەبارەی خۆشیان گەورەتر کراوون تا چاویب منداڵەکان ئاسانتر بیانبینن.

١٠. دەزانم چاوەڕوانی وەڵامی پرسیارە قورسەکەی مشکە کوێرەکەن. "بۆچی قەلەڕەشێک حەزی لە مێزێکی نوسینە؟" بەداخەوە، نە من و نە هیچ کەسێکی دیکە و نە لویس کارۆڵ خۆشی وەڵامی ئەو پرسیارە نازانین.

تێبینی: خۆشبەختانە ڕۆمانی 'سەرکەشییەکانی ئالیس لە جیهانی سەیروسەمەرە' لە ئینگلیزییەوە لەلایەن بەندەوە وەرگێڕدراوە بۆ کوردی و لە سەرەتای ٢٠٢٠ـدا، جاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

سەرچاوە: زە گاردیان
https://www.theguardian.com/childrens-books-site/2015/apr/17/10-things-you-didnt-know-about-alice-in-wonderland-lewis-carroll


ڕیکلام