شیعرێکى(داستان بەرزان) دەکرێتە کلیپ
هونەرمەند کەریمۆک کاری دەرهێنانى بۆ دەکات
کولتوور
سینەماکار (کەیمۆک غەفور) سەرقاڵى دروستکردنى کلیپێکە بۆ شیعرێکى (داستان بەرزان) کە دەربارەى دۆخى کۆڕۆنایە، لەم کلیپەدا (شانیە محەمەد) کاری کۆریۆگرافى و سەما دەکات و تەواوى وێنە شیعرییەکان دەکاتە جوڵەى سەمائامێز، تایبەت بە ماڵپەڕى ژیان شانیە وتى: لەم کارەدا وشەکان و جەستە یەکانگیر دەبن و پێکەوە دەبنە وێنەیەکى شیعریی و سەمائامێز، شێوازى سەما لە کارەکەدا بە مۆدێرن دانس ناسراوە کە ستایلێکى فرەڕەهەندە و هیچ ڕێسایەکى تایبەت لە خۆی ناگرێت، ماوەیەکە سەرقاڵى ئەم کارەین کە دواجار بە هاوکاریی دەستەیەک هونەرمەند کاری کلیپکردنمان بۆ ئەنجامدا، بەهیواین جێگەى سەرنجى بینەرانى بێت .
ماوەتەوە بڵێین لەم کارەدا هونەرمەند (ئەندام ئەمین) کاری مۆنتاژ و وێنەگرتن ئەنجام دەدات و لە داهاتوویەکى نزیکدا بەرهەمەکە بڵاودەبێتەوە .
کۆپلەیەک لە شیعرەکە :
ماڵەکانمان پێویستیان بە پاکژکردنەوە هەیە
تەنیا دەسکى دەرگا و
نەعل و
تەوالێت و
جێگەى خەوەکانمان نا
بەڵکو هەناوى ماڵەکانمان
هەناوى جیهان .
من چۆن بەرگەى ئەم ڕۆژگارە بگرم؟
کە لە هەموو شتێکى زیاتر پێویستە لە بۆنى گوڵەکانى بترسین !
گەردەکانى هەوا
گەردى فرمێسکەکانى ئێمەن
بۆ ژیانێک کە لێمان تۆرا و
هەرگیز بەو جۆرەى جاران نایبینینەوە.