"ئەستەم بوو بۆ هەر ژنێک لە سەردەمی شکسپیردا ... شانۆگەرییەکی هاوشێوەی ئەوانەی شکسپیر بنوسێت."

  2020-08-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق


لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا، ڕۆڵی ژنان بە شێوەیەکی فراوان ناوخۆیی بوو، ئاستی خوێندەوارییان بە شێوەیەکی گشتی لاواز بوو، زۆربەی پیشەکان بە ڕوویاندا داخرابوو. لە ئەنجامدا، چەند ژنێکی زۆر کەم سودیان لە ئازادی ژیرییان وەرگرت (ئازادی ژیریی واتە هێزی تێگەیشتن و وەرگرتن و بە ئازادانە دەربڕینی بۆچوون) کە زۆربەی فێمینیستەکان لە هەموو شتەکانی دیکە بەرزتر دەیاننرخاند. چەکی خوێندەواری لەوکاتەدا، لەلایەن پیاوانەوە داگیر کرابوو، ژنە نوسەرەکانیش بە ناوی پیاوانەی نەناسراوەوە کتێبەکانیان بڵاودەکردەوە.

لە گوتارەکەیدا بە ناوی 'ژوورێکی تایبەت بە کەسێک (١٩٢٩)' فێرجینیا وڵف باسی ئەو ئاستەنگییانە دەکات کە ژنە نوسەرەکان روبەڕوی دەبنەوە بۆ بەدەست هێنانی هەمان سەرکەوتنەکانی پیاوە هاوپیشەکانیان. دان بە سەرکەوتنەکانی ڕۆماننوسانی وەک جەین ئۆستن و جۆرج ئیلیۆتدا دەنێت، وڵف باسی ئەوە دەکات کە ژیانی زیندانی ئاسای ناو ماڵ، چەندە کردنی ئەو کارانە قورس دەکات. ژنان بەردەوام لە ژوورە هاوبەشەکانی ماڵدا دەیاننوسی، دەور درابوون بە ژاوەژاو و بە دەگمەن هەبوو هێندە دارایی باش بێت بتوانێت پیداویستییە گرنگەکانی ئازادبوون بەدەست بهێنێت. بیر لە جودیس دەکاتەوە، خوشکە فەنتاسییەکەی ولیەم شکسپیر، ئینجا وێنای ئەوە دەکات ژیانی چۆن دەبوو بۆ ئەو. وەک براکەی "خەیاڵاوی و پەرۆش دەبوو بۆ بینینی دونیا "، هێشتا چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرا ببێت بە ژن و بە دایک؟ وڵف وێنای دەکات کە لە بێ هیواییدا، جودیس خۆی دەکوشت، بێ ئەوەی هەرگیز بلیمەتییەکەی پیشانبدات.
ژنە نوسەرەکانی دیکە سیناریۆی هاوشێوەیان هەبوو: کتێبی 'پیشە گرنگەکەم'ی مایەڵس فرانکلین (ستێلا) (١٩٠١)، باسی سیبیلا دەکات، ژنێکی لاوی ئوستورالی کە ناتوانێت شوێن خەونەکەی بکەوێت کە نوسینە، لەبەر هەژاری و ئەرکە خێزانییەکانی و ڕقە فراوانەکەی کۆمەڵگە بەرانبەر ژنان.

بۆشاییەک بۆ کاری داهێنەرانە
وڵف پێشنیاز دەکات کە ژنان پێویستیان بە 'ژوورێکی تایبەت بە خۆیان' هەیە، تا پراکتیزەی کارە داهێنەرانەکانیان بکەن و لە کۆتەکانی ماڵ ئازادبن. بۆ وڵف، سەربەخۆیی دارایی پێویست بوو بۆ گەیشتن بەمە، ئەمەشی زۆر لە بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بە گرنگتر دەزانی. هەر کات ژنان بۆشاییەکیان هەبوو بۆ بیرکردنەوە، دەتوانن زیاتر ئەزمونی شتە نوێیەکان بکەن و گەشە بەو زمانە ژنانەیە بدەن کە پێشتر لە دەبیاتدا ون بوو.
وڵف پێی وایە ژنە نوسەرەکان دەبوو ڕوبەڕووی شەڕێکی ناوەکی ببنەوە لەگەڵ بۆچونەکانی سەردەمی ڤیکتۆرییادا بۆ ژنایەتی، وەک ئەوەی بە ژن و دایکە نمونەییەکە نیشاندراوە لە هۆنراوە بەناوبانگەکەی 'فریشتەیەک لە خانووەکەدا." لە گوتارەکەی ساڵی ١٩٣١یدا بە ناوی 'پیشە بۆ ژنان'، ئەو فریشتەیە ناو دەنێت 'وەهمێک' کە مێشکی ژنە نوسەرەکان دادەپۆشێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە بنوسێت، دەبێت ئەو وەهمە لە ناو ببات: "گەر نەمکوشتایە، ئەو منی دەکوشت."

سەردەمییانەترین شکۆ
داواکارییەکانی وڵف بۆ ئازادی ژیری، ڕێگەی بۆ شەپۆلی دووەمی فێمینیزم خۆش کرد لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠دا. دواتر کارەکەی ئیلهامی بە ئیلاین شۆوەتلێر بەخشی تیۆرەکەی (gynocritics) کە پێناسە دەکرێت بە 'ئەجێندای ژنان بۆ شیکردنەوەی ئەدەبیاتی ژنان'. فێمینیستەکانی دیکە 'ژوورێکی تایبەت بە کەسێک'یان بەکارهێنا بۆ ڕەخنەگرتن لە فێمینیزمی سەدەی ٢٠. بۆ نمونە ئالیس وەڵکەر سەرەنجی دا کە نەبوونی ژوورێکی تایبەت، کەمترین ئاستەنگییە کە ڕووبەڕووی ژنە ڕەشپێستەکان دەبێتەوە.

ژیاننامەی ڤیرچینیا وڵف
ساڵی ١٨٨٢ لە خیزانێکی دیار لەدایک بوو، ۆلف بە هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ کەسانی دیاردا گەورە بوو، بەڵام هیچ پەروەردەیەکی فەرمی وەرنەگرت. لە سەردەمی گەنجیدا، مەرگی یەک لە دوای یەکی چەند ئەندامێکی خێزانەکەی، بە سەختی کاری کردە سەر باری دەرونی. لە کۆلێجی کینگ لە لەندەن دەیخویند و هەر لەوێش چاوی بە فێمینیستە ڕادیکاڵەکان کەوت. پەیوەندی بە گروپی Bloomsbury ەوە کرد، کە بازنەیەکی تایبەت بە کەسە ژیرەکان بوو، هەر لەویش چاوی بە ڤیتا ساکڤیڵ-وێستی هاوڕێ و خۆشەویستی و لیۆنارد وڵفی هاوسەری کەوت.

ساڵی ١٩١٧، ڤێرجینا و لیۆنارد، چاپخانەی Hogarth یان دامەزراند، ئەمە یارمەتی دا کارەکانی خۆی بڵاوبکاتەوە. لەگەڵ شێوازی گێڕانەوەی پەخشانئاسادا نوسینەکانی دەنوسی، بوو بە کلیلی کەسایەتی لە جوڵانەوە مۆدێرنەکاندا. هەمیشە کێشە فێمینیستی و کۆمەڵایەتییەکانی دەجوڵاند، بە بەکارهێنانی مۆنۆلۆگە ناوەکییەکان و چەندین دیدگای جیاوازیش بۆ باسکردنیان. بە خەمۆکییەکی زۆرەوە، ساڵی ١٩٤١ وڵف کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.



کارەکانی ڤێرجینیا ۆڵف:
١٩٢٨ ئۆرلاندۆ
١٩٢٩ ژورێکی تایبەت بە کەسێک
١٩٣١ کار بۆ ژنان
١٩٣٧ ساڵەکان
١٩٣٨ سێ کەسی گینیی

سەرچاوە: کتێبی فێمێنیزم، دەستگای DK، ٢٠١٩، لاپەڕە ١٠٦-١٠٧


ڕیکلام