گۆڕستانی ناو شاشەکان

  2020-08-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گۆران ڕەسووڵ


بە درێژایی زیاتر لە چوار ملیۆن و پێنج سەد هەزار ساڵ لە تەمەنی زەوی، سەرەڕای گۆڕانکارییە بەرچاوەکان لە جوگرافیا و نەخشەی زەوی و هەروەها گۆڕانکارییە هزرییەکانی مرۆڤ، ئێستا دەبینین تەنانەت گۆڕانکاری لە شێوازی لەدایکبوون، وەک دروستکردنی منداڵ لە ڕێگەی پڕۆسەی بلوری و نەشتەرگەری نوێوە، ڕوو دەدات. ئەم گۆڕانکارییە هەر تەنیا لە جۆری لەدایکبوون و ستایلی ژیانی مرۆڤدا قەتیس نابێت، بەڵکو مردنیش وەک فیگەرێکی هەمیشە لکاو بە بوونی مرۆڤەوە گۆڕانی بەسەردادێت. 

پێشتر لە ڕێگەی تێکستی ئەدەبییەوە، هەوڵم داوە گوزارشت لە بێبەهابوونی کەسی مردوو لەناو دونیای نوێی دوگمەدار و شاشەداردا بکەم، هەر بۆ نموونە بڕوام وایە لە داهاتوو سەنتەری تایبەت بە ناشتنی مردوو زۆر و بەربڵاو دەبن، بەجۆرێک کە وەکچۆن داوای خواردنی دێلیڤەری دەکەیت، ئاواش ئەم سەنتەرانە دێنە ناو ماڵەکانەوە و کەسی مردووت بە دیلیڤەری دەبەن بۆ گۆڕستان و تۆش دەتوانیت لە ماڵەکەی خۆتەوە بە بەرنامە و ئەپڵیکەیشنی ناو سمارت-فۆنەکانەوە ڕاستەوخۆ لەناو مەراسیمی ناشتنەکەدا بەشدارببیت. 

تانەنەت پڕۆسەی دڵنەوایی کردن و هاوخەمبوونی خانەوادەی کەسی مردووش لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیی و پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەردەست مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا هاتووە. جاران کاتێک کەسێک دەمرد، دۆستان و کەسە نزیکەکانی خێزانی کەسی مردوو تەنانەت لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر ڕێگەیان دەبڕی بۆ ئەوەی لە ناشتنی مردووەکە و پرسەکەیدا بەشدارببن. دواتر ئەمە بوو بە ناردنی نامەی دەستنووسی و پۆستکارد، ئێستاش لەڕێگەی ئیمەیل، یان ئێس ئێم ئێس، یان هەر تەنانەت لە ڕێگەی دانانی ئیمۆجی خەمباری ☹ لەسەر وێنەی کەسی مردوو هاوخەمی خۆمان نیشان دەدەین. 

لە پاڵ هەموو ئەم گۆڕانکارییە خێرایە و دوورکەتنەوە لە کرۆکی ئەو هەستانەی کە ژیان و مردن پێمان دەبەخشن، ئەوەی کە لێرەوە دەمەوێ سەرنجی بخەمە سەر ''گۆڕستانی ناو شاشەکان"ە. مەبەست لە گۆڕستانی ناو شاشەکان ئەوە نییە کە هەموو هەست و جوانییەکان لەناو شاشە ئەلیکترۆنییەکاندا مردوون، بەڵکو مەبەست لە بوونی هەزاران و ملیۆنان مرۆڤی مردووە لەناو شاشەی مۆبایل و لاپتۆپ و پاد و ئامێرە شاشەدارەکانی تردا. 

جیهانی ناو سۆشیاڵ میدیا، فەیسبووک بە نموونە، کە تێیدا مرۆڤەکان دەژین، دەخوێننەوە، سەفەردەکەن، ئاهەنگ دەگێڕن و دەیان چالاکی تری تێدا ئەنجام دەدەن، ئێستا وەک جیهانێکی سەربەخۆ خۆی کردووە بە بەشێک لە ژیانی هەریەک لە ئێمە. کاتێک کە کەسێک پێگە یان ئەکاونتێک لەناو ئەم جیهانەدا دروست دەکات و زانیارییە کەسییەکانی خۆی خۆی تێدا تۆمار دەکات، ئەمە بریتییە لە لەدایکبوون لەناو ئەم جیهانەدا. بەڵام ئەی کە ئەو کەسە دەمرێت؟ ئایا بە هەمان شێوەی دونیای واقیعی ئەو جیهانەی تریش جێدەهێڵێت؟ ئایا لەناو ئەم جیهانە شاشەدارەدا گۆڕی تایبەت بەخۆی دەبێت؟

ئەم پرسیارانە دوای ٤ ساڵ لە لەدایکبوونم لەناو ئەم جیهانە میدیایە شاشە و دوگمەدارەدا لای من دروست بوون، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٣ کچێکی هاوڕێم کە لە زانکۆ بەیەکەوە خوێندکاربووین، لە ڕووداوێکی گوماناوییدا خۆی سووتاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بەڵام سەرەڕای جێهێشتنی دونیای واقیعی، هێشتا ئەم خۆی و زانیاریی و بۆچوونە بڵاوکراوەکانی لەسەر واڵەکەی بە کراوەیی بۆ هەمووان بەردەست ماوە، تەنانەت ساڵانە لە بەرواری لەدایکبوونی، فەیسبووک بیری من دەخاتەوە کە ئەو ڕۆژە ساڵیادی لەدایکبوونیەتی، ئەمە سەرەڕای هەر چی یادگاری و وێنە هەیە کە ئێمە هاوبەشیمان تێیدا کردووە فەیسبووک وەک بیرەوەری لە ڕۆژ و بەرواری خۆیدا بیرم دەخاتە. 

ئەمە منی ناچارکرد کە بیر لەوە بکەمەوە کە ئاخۆ چەند هەزار یان ملیۆن کەس ئێستا لە ژیاندا نەماون و کەچی هێشتا زانیارییە کەسی و وێنە و نووسینەکانیان بە کلیکێک بەردەستە! ئایا وەک چۆن لەناو جیهانی ڕاستەقینەدا گۆڕستانی گەورە هەن، لەناو ئەم جیهانە شاشەدارەدا هیچ گۆڕستانێک هەیە! ئایا کۆمپانیای فەیسبووک، دوای پەنجا ساڵی تر کە زۆربەی ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە و لە سەرەتای دروستبوونی ئەم سۆشیاڵ میدیایەوە پێگەیان هەیە، دەمرن، بیر لەوە ناکاتەوە کە گۆڕستانێکیان بۆ بکاتەوە و بەرواری مردنیان لەسەر ئەکاونتەکانیان زیاد بکات؟

ئەمە بۆ من مەترسیدارە، بەو مانایەی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ خاڵی کۆتایی مرۆڤ لەم جیهانەدا بە واقیعی و شاشەدارییەوە، کە مردنە، بێ بەهاتر دەبێت. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بێ بەهابوون و پووچبوونی ژیان، وەک هاوکێشەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراو بە مردنەوە. ڕەنگە لە داهاتوو یان بە دیاریکراوی لە کۆتایی سەدەی بیست و یەک، فەیسبووک ببێتە گەورەترین گۆڕستانی مێژوو. من ئێستا لەناو هەژمار و پێگەی کەسیمدا لە فەیسبووک زیاتر لە ٢٥ گۆڕی تێدایە، ئایا تۆ سەرنجی ئەوەت داوە کە گۆڕستانی فەیسبووکەکەت چەند گۆڕی تێدایە؟



ڕیکلام