ماردین ئیبراهیم
شیعر وه‌ک هه‌ر بووارێکی نووسین پرۆسێسێکی عه‌قڵانیه. که‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌کی شیعر زمانه که سه‌رچاوه‌ی زمانیش بیرکردنه‌وه‌یه، به‌ڵام زمان له دۆخی ڕیسککردنی خۆیدا، له دۆخی خلیسکان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی خۆیدا، له دۆخی چڕبوونه‌وه‌ی خۆیدا چونکه له شیعردا که‌مترین ڕووبه‌رت هه‌یه بۆ گوزارشت. توانای داهێنه‌رانه‌ی زمان له شیعردا ده‌رده‌که‌وێت.
پاڵنه‌ری گه‌وره‌ی شیعر خه‌یاڵه، به‌ڵام خه‌یاڵ چییه جگه له سه‌رکێشی عه‌قڵ خۆی. شیعر کامڵ‌بوونی عه‌قڵه به‌وه‌ی ده‌تووانێت تا دووا ئه‌ندازه خه‌یاڵ بکات، تا دووا ئه‌ندازه زمان بخاته کار، به‌ڵام زمانێکی ناعه‌قڵانی. له شارستانییه‌تی نوێ‌دا که زانست بڕبڕه پشته‌که‌یه‌تی تا دێت شیعر که‌مده‌بێته‌وه، تا دێت ده‌چێته دوواوه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه نییه که شارستانییه‌ته‌که عه‌قڵانیه و شیعریش ناعه‌قڵانیه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که عه‌قڵ وازی له یه‌کێک له هه‌ره سه‌رکێشیه داهێنه‌رانه‌کانی خۆی هێناوه که خه‌یاڵه و هه‌موو قورسایی که‌وتۆته سه‌ر زانست و زانستی ئه‌زمونگه‌ری، هه‌موو شتێک که‌وتۆته ناو ململانێی مارکێتینگ و پێودانگی قازانج و زیانی بازاڕ، ئه‌مه له‌لایه‌ک له‌لایه‌کی تریشه‌وه ژانره‌کانی تر و به‌دیاریکراوی ڕۆمان ته‌نگی به شیعر هه‌ڵچنیوه.
ڕه‌نگه له‌مڕۆدا له هه‌موو کاتێک زیاتر پێویستمان به شیعر بێت چونکه شیعر خۆی له دنیادا له‌ژێر هێرشدایه، هه‌روه‌ها زمانێکیش زاڵبووه که زمانی ئاساییه و هیچ قوڵاییه‌کی نییه و بێخه‌یاڵه. بۆ زیندوو ڕاگرتنی دیوه داهێنه‌رانه‌که‌ی عه‌قڵ که خه‌یاڵه پێوستمان به شیعر هه‌یه تاکو ئاسۆی ئیستاتیکی تر و ئه‌گه‌ری تری بینینمان بداتێ.