ژانری سایکۆ لە سینەمادا

  2020-08-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
و : شوان عەباس بەدری

لەم ژانرە سینەماییەدا کار و کاردانەوەکانی کاراکتەری سەرەکی فیلمەکە دەبێتە هۆی خوڵقاندنی کۆمەڵە ڕووداو و بەسەرهاتێکی جیاوازی هەمەچەشنە و ڕیتمی چیرۆکی فیلمەکە بەرەو سینەمای ڕووداویی و ترسناک و تێکهەڵکێش هەنگاو دەنێت ، هەر لە بەر ئەمەش دەتوانین ژانری سایکۆ بە ژێرخانی ژانری ترسناک و دڵەخۆرپێ پێناسە بکەین .

ژانر چییە؟ 
لەنێو ئەو هەموو فیلمە سینەماییانەی کە لە سەر بناغەی ژانری سایکۆ بەرهەمهێنراون دەتوانین  فیلمی (سایکۆ)ی  (ئالفرید هیچکۆك) کە لە ساڵی 1960 بەرهەمهێنراوە بە پێشەنگ و بناغە دارێژەری ئەو جۆرە فیلمانە ئەژماربکەین .

لەم فیلمەدا کەسایەتی سەرەکی فیلمەکە بە ناوی (نۆرمەن بیتس) کە کەسایەتیەکەی لەلایەن( ئانتۆنی پرکینز ەوە بەرجەستە دەکرێت و کەسێکی دەروون شێواوە و بە دەست نەخۆشی دەروونییەوە ئەناڵێنێ، (نۆرمەن) گەنجێکی تەمەن 30 ساڵە و مۆتێلێک بەرێوەدەبات و لەبەر ئەوەی بە ڕووکەش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کەسێکی ئاساییدا نییە  کەس ئاگاداری ئەو دۆخە دەروونیە شێواو و پەشۆکاوەی نییە، بەڵام لە ڕاستیدا (نۆرمەن) لە دوای مەرگی دایکی دووچاری شۆکی دەروونی بووە و نالەبارییە دەروونییەکەی گەیشتۆتە لووتکە و تەنانەت جەستەی دایکیشی لە ژوورێکی پشتەوەی هوتێلەکە بە بێ ئەوەی بینێژێ شاردۆتەوە .

هەروەها فیلمی  (شاتر ئایلەند) ی (مارتین سکۆرسیز) یەکێکە لە فیلمە بەناوبانگەکانی ناو ئەم جۆرە ژانرە سینەماییە، لیۆناردۆ دیکاپیرۆ کە مارشالێکی ئەیالەتییە هەڵدەستێت بە کووشتنی هاوسەرەکەی و دوای ئەو تاوانەش دەخرێتە ژێرچاودێری پزیشکی و چارەسەری دەروونیەوە ،بەڵام ئەو هەرگیز ناچێتە ژێرباری قبوڵکردنی ئەو تاوانە و هێشتا خۆی بە پلەدارێکی بەرزی ناو پۆلیس دەزانی .

لە فیلمەکانی دیکەی ئەم جۆرە ژانرەدا کاروکاردانەوەکانی کارئەکتەری سەرەکی چیرۆکەکە نابنە هۆی کووشتن و کاری تاوانکارانە بەڵام ڕیتمی ڕووداوەکان بینەر ڕووبەڕووی چەندین بابەتی دەروون شێواوانه دەکاتەوە، بۆ نمونە فیلمی دەروونناسیانەی ( سەرەتا) ی (کریستۆفەر نۆلان) یەکێک لەو جۆرە بەرهەمانەیه.

لە هەندێک فیلمی دیکەی  ژانری سایکۆدا ناوەرۆکی فیلمەکە بە گشتی لە دەوری کارئەکتەرێک دەخولێتەوە کە لە ئەنجامی چەند دۆخێکی دژواری بە زۆر بە سەردا سەپێنراو و لە ڕێی ژمارەیەک کورتە ڕوداوی جیاوازەوە کەسەکە کەم کەم دوچاری دەروون شێواوی و نالەباری دەروونی دەبێتەوە.

گەر لە فیلمی (سایکۆ)ی( ئالفرێد هیچکۆک)دا کەسایەتی (نۆرمەن ) هەر لە سەرەتاوە خاوەن کەسایەتییەکی ناهاوسەنگ و لێوانلێوە لە کێشە و تەنگەژەی دەروونی مەترسیدار ئەوا لە فیلمی(درەوشانەوە) ی( ستانلی کۆبریک)دا  جاک تۆرنس ) کە ( جەک نیکلسۆن) ڕۆڵەکەی بەرجەستە دەکات هەنگاو بە هەنگاو و بە پێی ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە دووچاری نالەباری دەروونی دەبێت و دواجار هاوسەنگی هزری خۆی لە دەست دەدات .

نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ژانری سایکۆ یەکێکە لە سەختترین ژانرەکانی ناو سینەما و لە ڕاستیدا بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە فیلمانە ئەوا دەبێت سیناریۆیەکی بەهێز و قوڵمان هەبێت کە بە باشترین شێوە کورتیلە چیرۆک و ڕووداوەکان پێکەوە ببەستێتەوە و لۆژیکیانە باس لە کەسایەتییەکان بکات و سیناریست و نووسەر و دەرهێنەر و تا ڕادەیەکیش ئەکتەرەکان شارەزاییەکی باشیان لە بواری دەروونناسیدا هەبێت .


ڕیکلام